منداڵێكی كورد لە ژمێریاری یەكەمی جیھانە

رۆنیا لە كێبڕكێیەكی جیھانیدا توانی پلەی یەكەم بە دەست بێنێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كچێكی رۆژھەڵاتی كوردستان بەبێ بەكارھێنانی بژمێر و تەنیا لە رێگەی زەینی خۆی، قورسترین پرسیارەكانی ژمێریاری وەڵام دەداتەوە، رۆنیا لە كێبڕكێیەكی جیھانیدا توانیویەتی یەكەم بێت و لە نوێنەری 23 وڵاتی جیھان بباتەوە.

رۆنیا حوسێنزادە، تەمەنێكی بچووك و توانایەكی زۆر، رۆنیا لە پۆلی چواری بنەڕەتی قوتابخانەیەكی شاری بانەی رۆژھەڵاتی كوردستانە، زەین و مێشكێكی ھێندە بەھێزو پتەوی ھەیە كە بەبێ ئامێری ژمێرە قورسترین پرسیارەكانی ژمێریاری وەڵام دەداتەوە.

لە قوتابخانە راھێنانیان بە ئامێری چۆرتكە كردووە، دوای ئەوەی شارەزایی تەواوی پەیداكرد، ئیتر رۆنیا چۆرتكەشی وەلا ناوە، بە وردبوونەوەی مێشكی و جولەكانی دەستی بە چركە وەڵامەكان دەداتەوە، ھەر ئەوەش وایكرد كە ئێستا لە ژمێریاری زەینیدا یەكەمی جیھان بێت.

رۆنیا لە مانگی رابردوودا لە كێبەركێیەكی جیھانی لە مالیزیا یەكەم ھاتەوە، ئەو بەسەر 733 بەشداربوو لە 23 وڵاتدا سەركەوت، ركابەرەكانی لە وڵاتانی ئەمەریكا، بەریتانیا، كەنەدا، ئیسپانیا، ھۆڵەندا و ئەڵمانیاو دەیان وڵاتی دیكە بوون، ئەو بەبێ ئامێر تەنیا بە كەڵك وەرگرتن لەزینی خۆی یەكەمی جیھان ھاتەوە. مامۆستای رۆنیا دەڵێ "ھەر زوو بۆم دەركەوت كەو ئەو لەگەڵ ژمارەدا دەژیت، مێشكی ھێند پتەوو زیرەكە كە ھەموومانی تووشی شۆك كردووە".

رۆنیا دەیەوێ ببێتە بیرمەند، زەینی و ئیرادەی بۆ زۆر ئاواتی گەورە ئامادە كردووە، ھەر بۆیە لە ئێستاوە بە زانست و ھەڵسوكەوتەكەیەوە دیارە كە لە سەرەتای ئامانجێكی گەورەدایە.