كەسێك لەسەر دزینی مووچەی كەمئەندامان لە ھەڵەبجە دەستگیر كرا

سێ كەسی دیكە دەستگیر كران

K24 - ھەڵەبجە

ھێزەكانی پۆلیس، چوار كەسیان لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە دەستگیر كرد، یەكێك لە تۆمەتبارەكان زیاتر لە 184 ملیۆن دیناری مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانی بردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەڵەبجە ئاشكرای كرد: "بە تۆمەتی بردنی پارەی فەرمانگەیەكی حكوومی تۆمەتبارێكی ژن دەستگیر كرا، كە ھەستاوە بە بردنی بڕی 184 ملیۆن و 400 ھەزار دیار، بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ھەڵەبجە بەندكرا بەپێی مادەی یاسایی 315 لە یاسای سزادانی عێراقی، پاش بەندكردنی ئەو بڕە پارەیە گەڕێندرایەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "بەتۆمەتی بردنی مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی شارەزور دەستگیر كرا".

پۆلیسی ھەڵەبجە راشیگەیاند: "ھەر بە تۆمەتی دزیكردن لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە 3 تۆمەتبار دەستگیر كران، بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ھەڵەبجە بەندكراون بەپێی مادەی یاسایی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی".