ئه‌مه‌ریكا و رووسیا ره‌تیانكرده‌وه ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیا بكه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و رووسیا، ئێواره‌ی رابردوو له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ره‌تیانكرده‌وه، ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی توركیا بكه‌ن، به فڕۆكه و تانك و تۆپ ده‌یكاته سه‌ر رۆژئاوای كوردستان.
ئێواره‌ی رابردوو، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر داوای 5 وڵاتی ئه‌وروپایی بۆ تاوتوێكردنی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا كۆبوه‌وه.
له لایه‌ن خۆیه‌وه ئه‌ڵمانیا به توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیای كرد و داواشیكرد، وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ئیدانه‌ی بكه‌ن.
هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و رووسیا ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌یان نه‌كرد و ره‌تیانكرده‌وه، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به‌كار بهێنن.
له دوای كۆبوونه‌وه‌كه، نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌مه‌ریكا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، كیلی كرافت، به رۆژنامه‌نووسانی گوت: ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی ئه‌و هێرشه‌ی توركیا ناكات.
گوتیشی: توركیا به‌رپرسه له پاراستنی كه‌مینه‌كان له سووریا، به تایبه‌تی مه‌سیحییه‌كان و كورد و نابێت قه‌یرانی مرۆیی رووبدات.
هه‌روه‌ها گوتی: توركیا به‌رپرسه له‌وه‌ی رێگه نه‌دات هیچ چه‌كدارێكی ده‌ستگیركراوی داعش رابكات.
هه‌ریه‌ك له به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، به‌لجیكا و پۆڵه‌ندا له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، نیگه‌رانی قوڵی خۆیان له مه‌ڕ هێرشه‌كه‌ی توركیا ده‌ربڕی.
دا‌واشیان له توركیا كرد، كۆتایی به‌و ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌ی بهێنێت، كه بۆ سه‌ر باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات ده‌ستی پێكردووه.
سه‌رۆكی كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، رۆژی 9ی ئۆكتۆبه‌ر، كاتژمێر 4ی ئێواره ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات راگه‌یاند و باسی له‌وه‌شكرد، ئامانجی توركیا له هێرشه‌كه نه‌هێشتنی هێزه كوردییه‌كانی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده‌یه له باكووری سووریا و درووستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامه بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی ملیۆنان په‌نابه‌ری سووریا كه ئێستا له خاكی توركیان.
ئه‌و ناوچه ئارامه‌ی بڕیاره له باكووری سووریا سوپای توركیا درووستی بكات، له ماوه‌ی سێ رۆژی شه‌ڕدا بووه‌ته هۆی ئاواره‌بوونی زیاتر له 70 هه‌زار هاووڵاتی دانیشتووی ره‌سه‌نی ناوچه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه.