مه‌سرور بارزانی: یەکێك لە رووە گەشەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوەژیانی پێكهاته‌كانه‌

لە رۆژی جیهانی لێبوردەییدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئاینییەکان دەکات
kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

لە رۆژی جیهانی لێبوردەییدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پێکهاتە ئایينییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

شاندەکە لە نوێنەری ئایينەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، سابيئەی مەندایی و بەهائی پێکهاتبوون و گفتوگۆ له‌ بارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئایینی و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئایینەکان تەواوکەری یەکترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤە بۆ رێگەی راست. گوتیشی: "یەکێك لە رووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە مایەی شانازی ئێمە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەو بەیەکەوەژیان وتەباییەیە کە لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردستان نیشتمان و ماڵی هەموومانە و پێویستە هەموومان کار لەسەر گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کورستان بکەین و هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت.

ئ. م