هه‌ولێر.. دوو هاووڵاتی سۆران بوونه قوربانیی ته‌قه‌كردنی ناو رێستورانته‌كه
K24- هه‌ولێر:
له رووداوی ته‌قه‌كردنی ئه‌مڕۆی شاری هه‌ولێر، كه تێیدا كارمه‌ندانی كونسوڵخانه‌ی توركیا له یه‌كێك له رێستۆرانته‌كانی ئه‌و شاره كرانه ئامانج، دوو هاووڵاتی ده‌ڤه‌ری سۆران به ناوه‌كانی (نه‌ریمان وه‌سمان محه‌ممه‌د عه‌لی ئاغا و به‌شدار ره‌مه‌زان ساڵح برادۆستی) گیانیان له‌ده‌ست دا.
نه‌ریمان دانیشتووی گوندی بێشوكی سنووری قه‌زای رواندزه و باوكی دوو كوڕ و كچێكه. به‌شدار ره‌مه‌زانیش دانیشتووی شارۆچكه‌ی دیانای سه‌ر به قه‌زای سۆرانه و دوای ئه‌وه‌ی له رووداوه‌كه بریندار بوو، بۆ چه‌ند كاتژمێرێك له ژێر چاودێریی پزیشكی له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر مایه‌وه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ گیانی له‌ده‌ست دا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا ئه‌م دوو هاووڵاتییه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران بۆ نانخواردن له رێستۆرانته‌كه بوون.
دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له رووداوێكی ته‌قه‌كردندا له یه‌كێك له رێستۆرانته‌كانی شاری هه‌ولێر، تیمی كونسوڵخانه‌ی توركیا كرایه ئامانج، له ئه‌نجامدا جگه له كوژرانی كارمه‌ندێكی كونسوڵخانه و برینداربوونی یه‌كێكی دیكه، دوو هاووڵاتی ده‌ڤه‌ری سۆرانیش گیانیان له‌ده‌ست دا.
دوای رووداوه‌كه‌ش، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراویان بڵاو كرده‌وه و ئه‌و هێرشه‌یان به توندی ئیدانه كرد.
H.B