عێراق نێوه‌ندگیریی ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ئاشكرای كردووه، كه عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هه‌ر یه‌كه له محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه، فالح فه‌یاز، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقی راسپاردووه ده‌ست به هه‌وڵێكی نێوه‌ندگیریی بكه‌ن له‌نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران دا.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 16/5/2019، رۆژنامه‌ی "العربي الجديد" له زاری به‌رپرسێكی نزیك له عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه نه‌یویستووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت نوسیوویه‌تی: "سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ راگرتنی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و مه‌ترسیی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق، ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ی وڵاته‌كه‌ی راسپاردووه ده‌ست به نێوه‌ندگیریی بكه‌ن".
سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ریكی و ئێرانییه‌كان له‌وه تێده‌گه‌ن، له‌م دۆخه‌دا عێراق خوازیاره ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ر دوو لایان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان له یه‌كتری نزیك بكاته‌وه و رێگه نه‌دات په‌یامی هه‌ڵه بگاته هه‌ر دوولایان. به‌تایبه‌تی كه لایه‌نێكی دیكه هه‌یه ده‌یه‌وێت ناوچه‌كه په‌لكێشی شه‌ڕ بكات".
ئه‌و به‌رپرسه عێراقییه ده‌ڵێت: "ئه‌و سێ به‌رپرسه راسپێردراوه‌ی عێراق به كرده‌یی له په‌یوه‌ندییدان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكی و ئێرانییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ باڵیۆزی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئه‌وڕوپی، چه‌ند دیدارێكیان ئه‌نجام داوه، كه دیارترینیان به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌و جموجۆڵه نێوه‌ندگیرییه ببن، كه عێراقییه‌كان ده‌ستیان پێ كردووه".
رۆژنامه‌كه نوسیوویه‌تی: "ئێران به نێوه‌ندگیریی عێراق خۆشحاڵه، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه هیچ دراوسێیه‌كی دیكه نادۆزێته‌وه هێنده‌ی عێراق متمانه‌ی پێی هه‌بێت. سه‌ردانه‌كه‌ی مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراقیش، كه هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجامی دا، ده‌رگای نێوه‌ندگیریی بۆ عێراق كرده‌وه، چونكه هه‌ر دۆخێكی نه‌خوازاو بێته ئاراوه، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان عێراق ده‌خاته ناو قه‌یرانه‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه، كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه سه‌رپشك كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌ركی نێوه‌ندگیریی هه‌ستێت. ئێرانییه‌كانیش هیچ مه‌رجێكیان نییه، جگه له گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌ی، كه ئه‌مه‌ریكا لێی كشایه‌وه.