كوردستان 24 ورده‌كاری له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ به‌سره بڵاوده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
سۆران كامه‌ران، نێردراوی كوردستان 24 له به‌سره رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ به‌سره سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو بوو و، به‌لای خه‌ڵكی به‌سره‌وه شتێكی له‌ناكاو بوو.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌رچه‌نده مه‌به‌ست له‌و سه‌ردانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆ له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوون بوو له دۆخی خزمه‌تگوزاری ئه‌و شاره و داواكاری خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام چاوی به هیچ به‌رپرسێكی ئیداری و سیاسی ئه‌و شاره نه‌كه‌وت و، له گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه‌كانی به‌سره‌وه ده‌ستی به یه‌كه‌م وێستگه‌ی گه‌ڕان به‌ناو ئه‌و شاره‌دا كرد، به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه هیچ خزمه‌تگوزاریه‌كییان پێشكه‌ش نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها نێردراوی كوردستان 24 راشیگه‌یاند، عه‌بدولمه‌هدی له نزیكه‌وه چاوی به خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه كه‌وتووه و گوێی بۆ داواكارییه‌كانیان راگرتووه و دید و پێشنیازه‌كانیان له كۆكراوه‌یه‌كی نووسراودا لێ وه‌رگرتووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌مجاره جیاوازتر له نه‌ریتی باوی به‌رپرسانی عێراق، ژماره‌یه‌كی كه‌می پاسه‌وان و ته‌نیا 5 ئۆتۆمۆبیلی له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووه ئه‌و شاره و زۆر به‌ساده‌یی له خه‌ڵك نزیك بووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: "خه‌ڵكی به‌سره به كوردستان 24ـیان راگه‌یاندووه، هه‌رچه‌نده ئه‌وان هیچ ئومێدێكیان بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان نییه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م سه‌ردانه به‌م جیاوازییه گۆڕانكارییه‌ك له دۆخی ئه‌م شاره درووست بكات".
وه‌ك سۆران كامه‌ران باسی كرد، "سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌سره له لێدوانه‌كانیان بۆ كوردستان 24، ئه‌م سه‌ردانه‌ی عه‌بدولمه‌هدییان به كاره‌سات وه‌سف كردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی چاوی به هیچ به‌رپرسێكی ئیداری و سیاسی ئه‌و شاره نه‌كه‌وتووه"، هه‌روه‌ها گوتوویانه، "ئێمه چاوه‌ڕێمان ده‌كرد عه‌بدولمه‌هدی چاوی به به‌رپرسانی ئه‌و شاره بكه‌وێت، بۆئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی به‌سره بخه‌ینه به‌رده‌می"، وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "به‌مه‌ش سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیران شه‌قامی به‌سره‌ی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كردووه، به‌ره‌ی ستایش و به‌ره‌ی ره‌خنه".
وه‌ك نێردراوی كوردستان 24 گوتی: "دوای ته‌واوكردنی گه‌شته‌كه‌ی له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌و شاره، عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی كۆمپانیای نه‌وتی به‌سره كردووه و چاوی به جێگری پارێزگار، به‌رپرسی كۆمپانیای ناوبراو و به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای به‌سره كه‌وتووه و، گفتوگۆیان له‌باره‌ی چۆنییه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و كێشه‌كانی كاره‌با له‌و پارێزگایه كردووه".
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر خه‌رجكردنی 12 تا 15 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی كاره‌با بۆ ماوه‌ی 14 كاتژمێر له شه‌و و رۆژێكدا به خه‌ڵكی ئه‌و شاره كرایه‌وه، كه تائێستا ته‌نیا 8 بۆ 10 كاتژمێر كاره‌بای نیشتیمانی به هاووڵاتیان ده‌درا.
هه‌روه‌ها گوتی: "دواتر سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی به‌نده‌ری ئوم قه‌سری كردووه و له ورده‌كارییه‌كانی داهاتی ئه‌و به‌نده‌ره‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌و داهاته بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانی ئه‌و شاره، به‌تایبه‌ت بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی تائێستا ته‌واو نه‌كراون، له‌وانه‌ش قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، شه‌قامه‌كان و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه".
H.B