مەسرور بارزانی داوای پاڵپشتیی زیاتر بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات

مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بە گرنگ دەزانێت.

ئەمرۆ چوارشەممە 13/3/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان بۆ بواری چاکسازی و مەشق و راھێنانی ھێزی پێشمەرگە کرد و داوای پاڵشتیی زیاتری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

له‌ دیدارێكدا، وێڕای هەڵسەنگاندن بۆ دوا میکانیزم و بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاکسازیی و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و پەرەسەندنی جمۆجۆڵەکانیان تاوتوێ کرا.

لەم بارەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی هەوڵەکانی هاوپەیمانی کرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییەکانی خواست، به ‌تایبه‌تی له‌ بواری چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا.

هەروەها، مەسرور بارزانی، بۆ رێگەگرتن لە مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆریستان، هاوکاریی هەمەلایەنە و رەخساندنی زەمینەی لەباری بۆ ئاساییکردنەوە و چارەسەریی کێشە سیاسی و ئیداری و دەستوورییەکانی بە پێویست زانی .

لای خۆیانه‌وه‌، شاندی میوان، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، پشتگیریی خۆیان بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەکان لە گشت ناوچەکان راگەیاند.

H.J