مەترسی داعش زیاتر دەبێت و ره‌وشی به‌غدا گفتوگۆكانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌كخستووه‌

ئەندامێکی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك ورده‌كارییه‌كانی ده‌خاته‌ڕوو
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ڕۆژ لە دوای رۆژ مەترسی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر دەبێت، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش هۆشداری دەدات و دەڵێ ئێستا داعش هێرشەکانی فراوان کردووە و پەلاماری هێزە چەکدارەکانیش دەدات.

ئەندامێکی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکیش سەرەڕای جەختکردنەوەی لە مەترسیداریی دۆخەکە، هۆکاری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، دەگەڕێنێتەوە بۆ تێکچوونی دۆخی بەغدا.

وەک ئەو دەڵێ گەیشتبوونە ئیمزاکردنی ڕێککەوتن، بەڵام سەرهەڵدانی خۆپێساندانەکان دۆخەکەی راگرت.

بۆشایی ئەمنی تەنها کەرکووك نییە، بەڵکو ئیستا بە درێژایی ناوچە جێناکۆکەکان ئه‌و بۆشاییه‌ درووستبووە، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش ئاشکرای دەکات کە لێکتێگەیشتنی هاوبەش درووستبووە بەڵام گەڕانەوەی پێشمەرگە هێشتا بە تەواوی روون نییە.

لەماوەی رابردوودا، چاڵاکییەکانی داعش بە ڕێژەی 300% زیادیکردووە، ژمارەی ئەو گوندانەشی کە لەترسی هەڕەشەی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان چۆڵدەکرێن تا دێت زیاتر دەبێ، بیانووی حکوومەتی عێراقیش بۆ وەستاندنی گفتوگۆکان نائاسایی دۆخی بەغدایە.

ئ. م