ڤیدیۆ.. هاووڵاتیانی قامشلۆ ته‌ماته‌ و په‌تاته‌ی رزیو له‌ كاروانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌گرن

درووشمی "ئه‌مه‌ریكا درۆزنه‌" ده‌یانگوته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوردی شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان له‌كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا به‌ره‌و عێراق، رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ تێگرتنی په‌تاته‌ و ته‌ماته‌ی رزیو بڕێیانكردن.

ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی و كاردانه‌وه‌ی هاووڵاتیانی كورد له‌ چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ دیمه‌نه‌كانیاندا نیشان ده‌درێت، كاتێك ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی ته‌ماته‌، په‌تاته‌ و سه‌وزه‌ی رزیو له‌ تانك و زریپۆشه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌گرن.

هاووڵاتیان درووشمی دژ به‌ ئه‌مه‌ریكایان ده‌گوته‌وه‌ له‌وانه‌ش "نه‌خێر بۆ ئه‌مه‌ریكا" و "ئه‌مه‌ریكا درۆزنه‌"، هه‌روه‌ك چه‌ند دروشمێكیشیان به‌رز كردبووه‌وه‌ و له‌سه‌ریان نووسرابوو، "سوپاس بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان، به‌ڵام تره‌مپ ئێمه‌ی بێئومێد كرد" و هه‌وڵیشیاندا رێگه‌ له‌به‌رده‌م كاروانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بگرن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتی: به‌شێك له‌ هێزه‌كانمان له‌ ناوچه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌مێننه‌وه‌.

H.B