وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا هێرش ده‌كاته سه‌ر پلانی وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی سووریا
K24- هه‌ولێر:
هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ره‌خنه‌ی توندی له پێشنیازی ئه‌نیگریت كرامپ كارنپاوه‌ر، وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی گرت، كه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزێكی پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی له باكووری سووریا خستبووه روو.
له لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ی "ئاڕ تی ئێڵ"ی ته‌له‌فزیۆنی و له‌باره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كراوه، ماس گوتی: "له‌وانه‌یه چاوه‌ڕوانكردنی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه كارێكی ژیرانه بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته بنچینه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ماكه‌ی بڕیار له‌باره‌ی دۆخه‌كه بده‌ین".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا گوتیشی: "سڵاو له وه‌ستاندنی شه‌ڕ له ناوچه‌ی ململانێ"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا، كه له‌لایه‌ن توركیاوه هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر.
ماس ره‌خنه‌ی توندیشی ئاراسته‌ی ره‌فتاره‌كانی وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی كرد، كه به‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیازێكی بۆ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا خستبووه روو و گوتی: "مشتومڕییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی باش ده‌ستیان پێنه‌كرد، هه‌وره‌ها خستنه‌ڕووی پێشنیازه‌كه‌ش باش نه‌بوو.. ئه‌مه شتێكی روونه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "لێره پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا د‌رك به به‌رپرسیارێتی بكات".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا جه‌ختی كرده‌وه، "پێویست بوو حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا به شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتووه كار بكات و پێشنیازه‌كانی بخاته روو، به‌ڵام ئه‌مه‌ی نه‌كرد، پێویست بوو به شێوازێكی جیاواز كاری كردبا، پێویست بوو ئێمه هه‌نگاوی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌و باره‌یه‌وه بنێین، چونكه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به متمانه‌پێكردن به سیاسه‌تی ئه‌ڵمانیاوه هه‌یه".
ئه‌و وه‌زیره ئه‌ڵمانیه گوتی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌مڕۆ وه‌زیری به‌رگری پێشنیازه‌كانی ده‌ستنیشان بكات".
دووپاتیشی كرده‌وه، "ئه‌و ده‌یه‌وێت بزانێت، ئاخۆ ئه‌مه به‌لای سوپای ئه‌ڵمانیاوه چ مانایه‌كی هه‌یه؟ چونكه له كۆتاییدا، له كاتی خستنه‌ڕووی ئه‌و پێشنازانه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، پرسیار گه‌لێك ده‌خرێنه روو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئێوه به چی به‌شداری له‌مه‌دا ده‌كه‌ن؟ ژماره‌ی ئه‌و هێزانه چه‌نده كه له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌شدارییان پێ ده‌كه‌ن، یان ئێوه ئاماده‌ن چاودێری ئاسمانی بگرنه ئه‌ستۆ؟ تا ئێستا وه‌ڵامی هیچ كامێك له‌و هه‌موو ئه‌و پرسیاره ناڕوونانه نه‌دراوه‌ته‌وه"، روونیشیكرده‌وه، "پێویسته له‌باره‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بزانرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت".
ئه‌م ره‌خنانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوای ئه‌وه هاتوون، پێشتر ئه‌نیگریت كرامپ كارنپاوه‌ر، وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی، كه هاوكات له شوێنی ئه‌نگێلا مێركڵ سه‌ركردایه‌تی حزبی مه‌سیحی دیموكراتی ئه‌ڵمانیا ده‌كات، رۆژی دووشه‌ممه رایگه‌یاندبوو "ئه‌و ماسی له پێشنازه‌كانی ئاگادار كردووه‌ته‌وه".
وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا له لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی دووه‌می ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ڵمانی "زه‌د دی ئێف" رایگه‌یاندبوو، له رێگه‌ی پۆستی ئه‌لیكترۆنییه‌وه هایكۆ ماسی ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كه پێشنیازێك بۆ پرسی باكووری سووریا ده‌خاته روو، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناوه‌ڕۆكی پێشنیازه‌كه‌ی بكات.
سه‌رچاوه: "دی بی ئای"
H.B