كەجەكە: هێزە دیموكراتییەكان و گەلی كورد زەمینەیەكی بەھێزیان لە توركیا دروستكرد

"دەیانەوێت‌ لەسەر بنەمای دیموكراتیبوونی توركیا كێشەی كورد چارەسەر بكرێت"

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی سەركەوتنی ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغلۆ، كاندیدی جەھەپە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ، هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەكات، كە لەو ھەڵبژاردنە "هێزە دیموكراتییەكان و گەلی كورد دەرفەتی گەورە و زەمینەیەكی بەهێزیان لە توركیا دروستكردووە".

لەو راگەیەندراوەی كەجەكە ھاتووە: "هێزە دیموكراتییەكان و گەلی كورد بە هەڵوێستەكەیان لە 23ی حوزەیران بۆ بەدیموكراتیكردنی توركیا دەرفەتی گەورە و زەمینەیەكی بەهێزیان دروستكردووە، هەتا كۆتایی رێ بۆ رێككەوتنێكی دیموكراتیی شۆڕشگێڕ خۆش بووە كە خۆیان لە ئۆلیگارشییە سیاسییەكان رزگار بكەن و لە دیموكراتیبووندا رۆڵی هاندەر و بزوێنەر بگێڕن، هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بەتایبەتی لە ئیستانبوڵ نیشانی هەموو كەسێكی دا كە پێكهاتە و حیزبی سەرەكیی ئەم رێككەوتنە دیموكراتییەیە، ئەو رێككەوتنە دیموكراتییەی لەنێو گەل چەكەرە دەكات بە تێپەڕبوونی كات هێزە سیاسییەكانیش دەخاتە نێو قۆناخێكی لەو شێوەیە، كاتی ئەوە هاتووە كە ئەو كۆبوونەوە دیموكراتییەی هەدەپە لەنێو دەنگدەران دروستی كردووە لە ئاستێكی بەرفراواندا بڵاو بكرێتەوە و ببێتە رێككەوتنێكی دیموكراتی و هەڵمەتی بەدیموكراتیكردنی توركیا بخاتەگەڕ".

لە بەشێكی دیكەی ئەو راگەیەندراوە كەجەكە دەڵێ: "هەڵبژاردنی 23ی حوزەیران وەك ئەوەی كە هەدەپە دەستنیشانی كرد، بوو بە ریفراندۆمێكی دیموكراتی، ئەو ریفراندۆمە لە هەمانكاتدا رازیبوونی گەلەكانمانە كە دەیانەوێت‌ لەسەر بنەمای دیموكراتیبوونی توركیا كێشەی كورد چارەسەر بكرێت، ئەو ریفراندۆمە نیشانەی ئیرادەی گەلە كە پەیوەندی بە هەموو هێزە سیاسییەكانی توركیاوە هەیە. ئەگەر ئەو ناكۆكی و دوژمنایەتییە لەناو ببرێت و رێككەوتنێكی دیموكراتی دروست بێت، بێگومان نیشانەی بەرچاوی ئەمە دەستوورێك دەبێت كە هەموو مافەكانی كورد، عەلەوی، ژنان و پێكهاتە بندەستە و نایەكسانەكان مسۆگەر دەكات، بۆ جێبەجێكردنی ئەوەش دەبێت ئەو عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازییەی كە هەیە و رێ لە بەردەم دوژمنایەتی و تاكپەرستیی ئۆتۆریتەی ناوەندی خۆش دەكات، لەناو ببرێت. گەلەكانمان كە لە هەڵبژاردنی ئیستەنبوڵدا هەڵوێستیان دژ بەم‌ عەقڵیەتە سیاسیە پیشاندا، پێویستە بەم رێككەوتنە دیموكراتییەی هەڵبژاردن و تێكۆشانیان لەسەر ئەو بنەمایە، یان ئەم عەقڵیەت و سیاسەتە بەرەو دیموكراتبوون راكێشن یان لەناوی ببەن".

كەجەكە ئاماژە بەوەش دەكات: "رێككەوتنی گەلی كورد لەگەڵ هێزە دیموكراتییەكان كە لە هەدەپەدا خۆی دەبینێتەوە، زۆر گرنگە. ئەو سەركەوتنەی لە 23ی حوزەیران بەدەست هێنرا، تەنیا سەركەوتنی گەلی كورد نییە، بەڵكو سەركەوتنی هەموو ئەو پێكهاتانەیە كە لەژێر چەتری هەدەپە ئەلتەرناتیڤی دیموكراتی و شۆرشگێڕیان بۆ توركیا ئافراندووە. لەم چوارچێوەیەدا بانگی گەلی كورد و هێزە دیموكراتییەكان دەكەین كە ئەم رێككەوتنە دیموكراتییە بەهێز بكەن كە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە و بردوویەتییەوە، هەروەها تێكۆشانی بەدیموكراتیكردنی توركیا گەشتر بكەن و حەقیقەتی توركیای دیموكراتی كە پاشەكشەی تێدا نییە، بئافرێنن".