وەزارەتی دارایی پڕۆژە بودجەی 2020 ئامادە دەكات

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان: ئاڕاستەی ھەولێر و بەغدا بەرەو رێككەوتنە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2020ـە، تا دواتر لە رێگای حکوومەتەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە کوردستان24ی راگەیاند "ئاراستەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بەرەو رێککەوتنە و وەزارەتی دارایش لە ئێستاوە هەنگاو بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 دەنێت.

بەپێچەوانەشەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو پێیوایە، ناکرێت بێ یەکلابوونەوەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا پڕۆژە یاساکە بنێردرێتە پەرلەمان، چونکە سیمای بودجە بە تەواوی دەگۆڕدرێت.

هێشتا دەرەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەرنەکەوتووە، بەڵام لە ئێستاوە وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکاریی بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجە کردووە تا لە ماوەی داهاتوودا حکوومەت رەوانەی پەرلەمانی بکات، ئەمە قسەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمان.

لەنێو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بۆچوونێک هەیە کە پێیوایە پێش رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، ناکرێت بەهیچ شێوەیەک بیر لە گفتوگۆکردن بکرێتەوە لەبارەی بودجە، چونکە وەک دەڵێن رێککەوتن و رێکنەکەوتن وادەکات سیمای بودجەی 2020 زۆر بگۆڕێت.

لە ساڵی 2013ەوە پڕۆژە یاسای بودجەی حكوومەتی هەرێم نەهاتووەتە پەرلەمان و کە ئەمەش بەهۆی بوونی دۆخێکی نائاسایی بوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە خۆی لە شەڕی داعش و بڕینی بودجە و خراپی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبینییەوە.

ھ.م