حکومەت پرۆژە یاسای چاکسازی دەنێرێتە پەرلەمان

"رێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی هەیە"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات لە چەند رۆژی داهاتوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای چاکسازی دەنێرێتە پەرلەمان و جگە لەو پرۆژە یاسای چاکسازی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای وەبەرهێنان و پرۆژە یاسای پەروەردەش دەنێرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانیش ئاشکرای دەکات لە نێو لایەنە سیاسيیەکان رێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی هەیە.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان لێژنەیەکی پێکهێناوە بۆ ناردنی ئەو پرۆژە یاسایانەی کە گرنگن لەم وەرزەی یاسادانان بیانێرێتە پەرلەمان، یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ش پرۆژە یاسای چاکسازی و پرۆژە یاسای هەمواری یاسای وەبەرهێنان و پرۆژە یاسای پەروەردەیە.

یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات بەم نزیکانە پرۆژە یاسای چاکسازی دەنێردرێتە پەرلەمان، لە نێو ئەنجومەنی وەزیرانیش رێککەوتن لەسەری کراوە سەرجەم لایەنەکان لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژەکەن.

پەرلەمانی کوردستان لە وەرزی یاسادانانە و ماوەی 10 رۆژی دیکە پرۆژە و پێشنیازی حکومەت و پەرلەمان وەردەگرێت بەپێى پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت حکومەت تا کۆتايی مانگی نۆ پرۆژە یاساکانی بنێرێتە پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرای دەکات لە نێو فراکسیۆنەکان رێککەوتن هەیە و چاوەڕێى پرۆژەکەی حکوومەتن.

پرۆژە یاسای چاکسازی بە کلیلی چارەسەری کێشە دارایی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، لەو پرۆژە یاسایانەیە کابینەی نۆیەم پێش هەموو پرۆژەکان دەینێرێتە پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستانیش ئەم وەرزەی یاسادانانی تایبەت دەکات بە پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئ. م