مه‌سرور بارزانی: هه‌ولێر رۆڵێکی ئەرێنی لە پێناو جێگیربوونی بارودۆخی عێراق دەگێڕێت

گفتوگۆ دەربارەی دواگۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێشوازیكرد له‌ "ماتیۆ تولەر" باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق. له‌ دیداری نێوانیان سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكردووه‌، "هه‌رێمی كوردستان رۆڵێکی ئەرێنی لە پێناو جێگیربوونی بارودۆخی عێراق دەگێڕێت".

لە دیدارەکەدا کە "ستیڤ فەیگن" کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەیبوو، گفتوگۆ دەربارەی دواگۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق کرایەوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی حكومه‌تی هه‌رێم له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوه‌، کە "هەرێمی کوردستان رۆڵێکی ئەرێنی لە پێناو جێگیربوونی بارودۆخی عێراق دەگێڕێت".

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، باڵیۆزی ئەمەریکا "پشتیوانی خۆی بۆ ئەو لەیەکتێگەیشتن و پێشکەوتنانە دەربڕی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە بودجەی ٢٠٢٠ هاتووەتە ئارا".

هه‌روه‌ها "پابەندبوونی وڵاتەکەشی بە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە".