ئەمریكا پشت لە كورد ناكات

"ھەولێر دەیەوێت لێك تێگەیشتن لەنێوان ھەردوولادا ھەبێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، هەولێر و واشنتن بەرەو ئەوە دەچن رێککەوتنێکی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیان هەبێ، کە بوارەکانی سیاسیی و سەربازی و ئابووری بگرێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا سیاسەتی نوێی واشنتن لە بەرژەوەندی کوردە، هاوکات شارەزایەکی سیاسییش پێیوایە کورد بەر لە هەرشتێک پێویستە لە ئەمەریکا تێبگات و دەشڵێ هەر نووسراوێک لە نێوان هەولێر و واشنتن هەبێ دەستکەوتێکی گەورەیە.

لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، یەکێك لە پرسە هەرە گرنگەکان کە گەنگەشەکراوە ستراتیژی نوێی ئەمەریکا و بابەتی واژوو كردنی رێککەوتنێکی لێک تێگەیشتن بووە، وەك نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن دەڵێت "رێککەوتنێکی گشتگیرە و لە چەند ئاستێکدایە".

بەیان سامی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە ستراتیژی ئەمەرێكا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، مەسرور بارزانی دەیەوێت شتێكی فراوانتر لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمەریكا ھەبێت، بۆ نموونە لێك تێگەیشتن لە بواری ئابووری و ئەمنی لەنێوانمان ھەبێت".

ھەر پەیوەست بەو پرسە، دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تۆژینەوە (مێری) دەڵێ: "كورد دەبێ لە ستراتیژی ئەمەریكا تێبگات، بزانێ ئامانجە سەرەكی چییە؟ ھەروەھا كاریگەرییەكانی لە مەودای كورت و درێژدا چییە و خۆی لە كوێی ئەو ستراتیژیەتیەدا دەبینێتەوە".

گوتیشی: "بۆ ھەرێمێك كە خاوەن سیادە نییە، ھەموو جۆرە رێككەوتنێك بۆ كاری ھاوبەش دەكرێ بگاتە ئاستی ستراتیژی، بۆ ئێمە وەك كورد ئەوە بووەتە زەروریەت، ئەگەر زلھێزێك ئەو ئامادەییەی ھەبێت، دەبێ پێشوازییەكی گەرمی لێ بكەین".

ئەمەریکا و کورد چیرۆکی زیاتر لە نیو سەدە لە مامەڵەیان پێكەوە هەیە، کە هەندێکجار هەوراز و نشێوی تێكەوتووە، کورد چاوەڕوانە بە هاتنی ستراتیژی نوێی ئەمەریکا هاتنەدی بەشێک لە خەونەکانی ئاسانتر بێت.