سەرۆک بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ چاکسازییەکانی حکوومەت دەربڕی

سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داوكاریی لاو و قوتابی و ئافرەتان راگەیاند

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەریی و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەر سێ سكرتاریەتی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان كۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوکە، پاڵپشتی خۆی بۆ چاکسازییەکانی حکوومەت دەربڕی.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا رۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەروەها ئاماژەی بە تەحەدییاتی بەردەم گەلی كوردستان و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەیانی دا.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا لە پاراستن و بەرگریكردن لە كوردستان و رایگەیاند كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خەڵكی كوردستان پاداشی هەڵوێستەكانی پارتیان دایەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژە و بەرنامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بابەتی چاكسازی لە بوارە جیاجیاكان و، هەروەها ڕێكخستنەوە و باشتركردنی دۆخی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی و بە هەنگاوێكی گرنگی بۆ پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانی لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی و بایەخی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان، جەختی پێشەنگبوونی ڕۆڵی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان لە هەموو گۆڕانكاری و پێشڤەچوونێك كردەوە.

سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داوكاریی لاو و قوتابی و ئافرەتان راگەیاند و داوایشی كرد كە ئەو سێ رێكخراوە گرنگە بۆ ئەو پڕەنسیپانە بگەڕێنەوە كە لە پێناویاندا دامەزراون.

H.J