ئەمەریکا سزا قورسەکەی بەسەر ئێراندا سەپاند

فرۆشتنی نەوتی ئێران بە یەکجاری قەدەغە کرا

K24 – هه‌ولێر:

کۆشکی سپی ئەمەریکا بڕیاریدا سەرچاوە داهاتییەکانی ئێران نەهێڵێت و نەوتەکەی بە تەواوی قەدەغە بکات.

لە راگەیندراوێکیدا کۆشکی سپی لە زاری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بەخشینی وڵاتان لە سزاکانی سەر ئێران کە مانگی پێنج کۆتایی دێت درێژ نەکاتەوە".

هەر لە راگەیندراوەکەدا هاتووە: "مەبەست لە بڕیارەکە وەستاندنی هەناردەی نەوتی ئێرانە بە تەواوەتی و نەهێشتی سەرچاوە سەرەکییەکانی رژێمە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: "هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێت، سزا دەدرێت".

راشیگەیاند: "لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانمان رێککەوتوین تاکو کورتهێنانی بازاڕەکان پڕبکرێنەوە".

ئەم بڕیارەی ئەمەریکا لە ئێستاوە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە چونکە ئامانجی واشنتن ئەوەیە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی ئێران لە بازاڕەکان نەهێڵێت.

لە مانگی 11- تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ترەمپ بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران کە کەرتی نەوت و وزەی گرتەوە سەپاند، بەڵام هەندێک وڵاتی لەو سزایە بە شێوەیەکی کاتی بەخشی کە عێرق و تورکیاشی گرتەوە.

CNBC

H.J