ورچێک یەک مانگ پیاوێک لای خۆی زیندانی دەکات
K24 – ههولێر:
لە وڵاتی رووسیا و لە هەرێمی توڤا، ورچێک هێرشدەکاتە سەر پیاوێک و پشتی دەشکێنێت، ماوەی یەک مانگ دەیهێڵێتەوە.
کابرا ناوی ئەلێکساندەرە و لە لایەن چەند سەگێکی راو لە نێوان سنووری رووسیا و مەنگۆلیا دۆزراوەتەوە. سەرەتا، راوچییەکان وایان زانیووە، ئەلێکساندەر تەنها لاشەکەی ماوە چونکە رەنگ و پێستی هاوشێوەی کەسێک بووە کە مۆمیا کرابێت، دووچاری سەرسوڕمان دەبن کە دەبینن زیندووە.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، ئەلێکساندەر لە چڵک، خۆڵ و خوێن نغرۆ بووە، رەنگی بە تەواوی زەرد و چاوەکانی ئاستەم دەکرێنەوە.
ورچی قاوەیی بەوە ناسراوە، هەندێکجار کە نێچیرەکەی راو دەکات، لە شوێنێکدا دەینێژێت و دوای ماوەیەک دەگەڕێتەوە بۆی چونکە کاتێک گۆشت دەپوکێتەوە، ئەوان سانا تر دەتوانن بیخۆن.
تاکو ئێستا نازانرێت، ئەلێکساندەر چۆن ئەو ماوەیە بە زیندوویی ماوەتەوە چونکە توانای قسەکردنی نییە و زۆر شەکەت و ماندوو و بریندارە، ئاژەڵناسانیش پێیان وایە، زیندوومانەوەی ئەلێکساندەر مایەی سەرسوڕمانە.
ئەوەی تاکو ئێستا لەسەر ئەو کەسە ئاشکرا کراوەیە ئەوەیە کە لە نەخۆشخانە گووتویەتی: "ناوم ئەلێکساندەرە و ورچەکە برینداری کردم تا دواتر بم خوات".
The Daily Mail
H.J