ئەردۆغان داوای چاخواردنەوە لە خەڵكی توركیا دەكات

ئەردۆغان: لە بری جگەرە کێشان چای بخۆنەوە

K24 - ھەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، داوا لە خەڵكی توركیا دەكات لە بری جگەرەكێشان چا بخۆنەوە و دەشڵێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە کۆمپانیاکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی نادات لە تورکیا کاربکەن و بەرهەمەکانیان دروست بکەن لە وڵاتەکە.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە بری جگەرەی ئەلیکترۆنی هانی تورکەکان دەدات چای بخۆنەوە.

لە کۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی جگەرە کێشان لە ئیستانبۆڵ سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، فەرمانی بە وەزیری بازرگانی کردووە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرهەمهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی نەدەن لە تورکیا.

گوتیشی، کۆمپانیاکان لە پیشەسازی تووتن لە رێگەی بەخشینی ژەهر خۆیان دەوڵەمەند دەکەن.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، داوایان لێکردوون شوێنێکیان بۆ بەرهەمهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ فەراهەم بکەن، بەڵام نە دابینی دەکەن و نە رێگەشیان پێدەدەن.

ئەردۆغان دەڵێت، ئەوان داوای وەبەرهێنان دەکەن لە تورکیا، بڕۆن وەبەرهێنان لە وڵاتێکی دیکە بکەن.

بە گوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 2016 نزیکەی 27 لە سەدای کۆی دانیشتووانی تورکیا جگەرە دەکێشن کە تەمەنیان لە سەرووی 15 ساڵیە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2010 نزیکەی 31% جگەرەی دەکێشا زۆربەی جگەرە کێشەکانیش لە رەگەزی نێرن.

ھ.م