شیعەکان سوورن لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

کەربوولی: سزاکانی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر سەرکردە سیاسییەکان نابێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لایەنە شیعەکان سوورن لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و جەختیشدەکەنەوە، بەرگەی هەر گەمارۆیەکی ئابووری ئیدارەی ئەمەریکا لەبەرامبەر دەرکردنی هێزەکانیان دەگرن. لەبەرامبەریشدا، سەرۆکی حزبی حەل پێیوایە، ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی لە دەسەڵاتن لەڕێگەی دزی و گەندەڵییەوە خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆرن و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا کاریگەری لەسەریان نابێت، بەڵام خەڵکی عێراق رووبەڕووی هەژاری و برسیێتی دەبنەوە.

حامد مووسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاند "هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لەنێوان واشنتن و بەغدا بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان لە عێراق نییە، بڕیارەکەی پەرلەمانیش یەکلاکەرەوەیە و گەڕانەوەی بۆ نییە".

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانێتی فەتح روونیدەکاتەوە، گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشەکانی داعش و لەسەر داوای حکومەتەکانی پێشووی ئەو وڵاتەبووە، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی فەرمی لەسەر بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نییە.

سەبارەت بە مەرجەکانی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەلایەن ئیدارەی ئەو وڵاتەوە عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە "لەکاتی هاتنی داعش بۆ عێراق، حکوومەت داوای هاوکار لە ئەمەریکا کردووە، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، کە ئەگەر هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بکشێنەوە ئەوا دەبێت حکوومەت لەبەرامبەردا پارە بداتە ئیدارەی ئەمەریکا".

لەدوای هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بەرپرسانی واشنتن ئاماژەیان بەوەداوە، کشانەوەی هێزەکانیان لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی تێچووی مانەوەی هێزەکانیان لە ساڵی 2014 تاوەکو ئێستا دەبێت. بەڵام ئەو کات بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق جەختیان لەوەکردبووەوە، باجی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا هەرچییەک بێت ئامادەن بیدەن.

لەبەرامبەریشدا، جەمال کەربوولی، سەرۆکی حزبی حەل رایگەیاند، ئەو پارتانەی لە دەسەڵاتن بانگەشەی ئەوەدەکەن، سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا هەرچییەک بێت ئامادەن بەرگەی بگرن، بۆ ئەوان سزاکان هیچ گرنگییەکی نییە، چونکە لەڕێگەی دزی و گەندەڵییەوە دەتوانن بەرگە بگرن، بەڵام گەلی عێراق رووبەڕووی هەژاری و برسیێتی دەبێتەوە.

ھ.م