پێنج گەورە سیناتۆری ئەمەریکا هۆشداریی دەدەنە وڵاتەکەیان

لەبارەی تورکیا داوایەک لە وەزیری دەرەوە دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

پێنج گەورە سیناتۆری ئەمەریكا لە نامەیەك بۆ وەزیری دەرەوە داوای سزادانی بەپەلەی توركیا دەكەن و راشیدەگەیەنن پێگەی ئەمەریكا لە مەترسیدایە.

پێنج سیناتۆری ئەمەریكا، نامەیەكیان بۆ مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان ناردووە و ئاماژە بەوە دەكەن، لەو ماوەیەدا ژمارەیەك راپۆرت بڵاو بوونەتەوە، كە ھێزەكانی توركیا و گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆن كە توركیا پاڵپشتیان دەكات، ھێرش دەكەنە سەر كورد و چەكی قەدەغەكراویشیان بەكارھێناوە لە ناوچەی ئارام.

 ئاماژە بەوەش دەكەن، بڕیاڕ بوو ئەمەریکا سزای تووند بەسەر تورکیا و میلیشیاکانی بسەپێنێت ئەگەر ئاگربەستیان شکاند، ئەی كوا سزادانیان لە كاتێكدا بە بەڵگەوە پێشێلكارییەكانیان سەلمێندراون؟

ئەو پێنج سیناتۆرە داوا لە وەزیری دەرەوە دەكەن، كاردانەوەی بەپەلە بەرامبەر پێشێلكارییەكان نیشان بدات و توركیا سزا بدرێت، ئاماژە بەوەش دەكەن، سەنگ و متمانەی ئەمەریکا لە مەترسیدایە.

ئەم سیناتۆرانە بریتین کە لێنزی گراھام، كریس ڤان ھەلین، ریچارد بلومینسال، جین شاھین و مارشال بلاكبیرن. پێشتریش چەند جارێک داوای سزادانی تورکیایان کردووە.

H.J