لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان پاڵپشتیی له‌ مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن

"هەموو دنیا متمانەی بەو حکوومەتە هەیە بەتایبەتی ئەمەریکا"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رۆژی چوارشەممە 12/6/2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. راسپاردنی مەسرور بارزانی له‌ لایه‌ن لایەنە عێراقییەکانەوە  پێشوازیی بەرچاوی لێ کرا.

سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراقی دەڵێ: " کابینەکەی مەسرور بارزانی، هاوشێوەی کابینەی دەوڵەتێک دەبێ" و ناشیشارێتەوه‌ کە تەحەددای گەورە لەبەردەم ئەو کابینەیە هەیە.

هاوکات سکرتێری حزبی شیوعیی عێراقیش پێیوایە، چارەسەری پرسەکانی پەیوەست بە کەرکووک و مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا، پێویستە کاری لە پێشینەی کابینەی نوێ بێت، چونکە ئێستا لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا هەیە.

میسال ئالووسی، سەرۆکی حزبی ئوممەی عێراقییش بە كوردستان24ی گوت: "کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە کابینەی بەرەنگاربوونەوەی تەحەدداکان، پێموایە دەبێتە حکوومەتی دەوڵەتی کوردی، بەو مانایەی کە ئەگەر کورد خاوەن دەوڵەتیش بوونایە، هەر حکوومەتێکی وەهایان دەبوو. هیوادارم هەموو لایەنە کوردستانییەکان یارمەتیدەری حکوومەتەکەی مەسرور بارزانی بن، تەنانەت ئەو کوردانەشی کە کیشەیان لەگەڵ خۆیان هەیە، دووپاتی دەکەمەوە هەموو دنیا متمانەی بەو حکوومەتە هەیە، بەتایبەتی ئەمەریکا".

چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەسەروو هەمووشیانەوە کەرکووک، یەکێکە لەو پرسانەی چاوەڕێ دەکرێت بەشێکی گرنگ بێ لە کارنامەی حکوومەتی داهاتوو.

رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعیی عێراق دەڵێ: "کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و دەروازە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140، گرنگترین ئەو بابەتانەن، کە دەبێت حکوومەتی نوێ به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا، چارەسەریان بکه‌ن، من پێموایە کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و كابینەی نوێ دەتوانن ئەمە چارەسەر بکەن، بەتایبەتیش کە ئێستا تێگەیشتنی باش لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە".