كەركووك سكاڵا دژی پەرلەمانی عێراق تۆمار دەكات

پەرلەمانی عێراق ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە گەندەڵ تۆمەتبار دەكات
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ھاووڵاتیانی کەرکووک لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و رۆڵی ئەنجوومەنەکە لە چواردە ساڵی رابردوو بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، زۆرینە پێیانوایە لەو ماوەیە ئیشی باشیانکردووە، بەتایبەت بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکوومییەکان، ئەوەش دەڵێن لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەنجوومەن ھیچ سوودێکی بۆیان نەبووە، ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنیش دەڵێت "سکاڵا لەدژی پەرلەمان تۆماردەکەین"، چونکە ھەموو ئەندامانی بە گەندەڵ ئەژمارکردووە.

پەرلەمانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی وەکو شوێنێک بۆ گەندەڵی و بەھەدەردانی سامان وێناکرد، بەم ھەنگاوەشی ویستی دڵی خۆپێشاندەران رازی بکات، بەڵام ھەنگاوەکەی پەرلەمان ھیچی لە بارودۆخەکە نەگۆڕی و ئەندامانی ئەنجوومەنیشی والێکرد ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا بکەن.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەشێكمان لە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق نیگەرانین، چونكە ئاساییە بە بڕیار ئەنجوومەن ھەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ناكرێ مەلەفی گەندەڵیان بخرێتە پاڵ، بۆیە بڕیارمانداوە سكاڵا لەسەر پەرلەمان تۆمار بكەین".

 گوتیشی: "داوا دەكەین ئەوانەی مەلەفی گەندەڵیان ھەیە با بدرێنە دادگا، بەڵام ئەوانی دیكە لەگەڵ ئەوان تێكەڵ نەكرێن، دەبێ خەڵكی پاك و گەندەڵ لێك جیابكرێنەوە".

بڕیاربوو لە نیسانی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە نیسانی ساڵی داھاتوو بەرێوەبچێت، بەڵام بە بڕیاری حكوومەتی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، حزبە كوردستانییەكان بڕیارە لە چوارچێوەی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان بە لیستێکی ھاوبەش لەو ھەڵبژاردنە بەشداریبکەن.