ماتیس: هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران لە کەنداون

"تاران ناچار بکەن گۆڕانکاری لە مامەڵە وێرانکارییەکانی لە ناوچەکە بکات"

K24 – هه‌ولێر:

جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری پێشووی ئەمەریکا دەڵێت، بڕیاری رەوانەکردنی هێزی زیاتری وڵاتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێرانە نەک بۆ شەڕکردن لە دژی ئەو وڵاتە.

ماتیس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران پێکبهێنن و تاران ناچار بکەن گۆڕانکاری لە مامەڵە وێرانکەرەکانی لە ناوچەکە بکات.

جەیمس ماتیس هەروەها راشیگەیاند، کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەو مانایە نایەت کە پێشبینی رووداونی شەڕ لەگەڵ ئێرانی لێبکرێت، بەڵکو ئامانج لە رەوانەکردنی ئەو هێزانە بۆ بەرپەچدانەوەی ئێرانە.

ئەم لێدوانەی ماتیس لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە تویتێکیدا رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند، ئەگەر ئێران بیەوێت جەنگ دژی ئەمەریکا بکات، ئەوا ئێران بە فەرمی کۆتایی دێت.

H.J