رۆحانی: گه‌مارۆكانی ئه‌مەریكا كاریگه‌رییان نییه‌

ئەمەریکا: گەمارۆکانی لە دژی ئێران زیاتر لەوە دەبن کە راگەیاندراون
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆك کۆماری ئێران رایگەیاند، ئامانجی ئەمەریکا گوشار هێنان بۆ سەر خەڵکی ئێرانە نەك حکوومەت. جەختیشی کردەوە، کە گەمارۆ نوێیەکانی ئەمەریکا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئابووریی وڵاتەکەی نەبووە. هاوکاتیش راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاشکرای کرد لەم ھەفتەیەدا کۆمەڵێك گەمارۆی نوێ دەخرێتە سەر ئێران.

حکوومەتی ئەمەریکا رایگەیاندووە، كە قورسترین گەمارۆی ئابوری خستووەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران، بەڵام بەرپرسانی ئێران کاریگەر بوونی ئەو گەمارۆیانە رەتدەکەنەوە.

حەسەن روحانی، سەرۆك کۆماری ئێران لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانی وڵاتەکەی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئامانجی ئەمەریکا گوشارهێنان بۆ خەڵکی ئێرانە و خولی دووهەمی گەمارۆکانیش کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران نەبووە.

روحانی، گوتی: "ئەوقسەیەی کە دەڵێن ئەمەریکا نایەوێ گوشار بخاتە سەر خەڵک و ئامانجی ئەو گوشار بۆ سەر حکوومەتە، زۆر ناڕاستە و بە کردەوەش سەلماندوویانە کە ئەوان دەیانەوێت گوشارەکە بخەنە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران. خولی نوێی گەمارۆکانیش کە لە پێنجی نۆڤامبەرەوە دەستی پێکردووە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر رەوتی ئابوویی وڵاتی ئێمە نەبووە".

روحانی، گوتیشی: "ئەمەریکا ئەوەی پێیدەکرا پێشتر کردوویەتی و هەموو فیشەکەکانی خۆی بەرامبەر بە ئێران تەقاندووە و لەمەش زیاتر هیچی پێناکرێت".

لێدوانەکانی روحانی لە کاتێکدایە کە جۆن بۆڵتنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا کە سەردانی فەرەنسای کردووە، بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، گەمارۆکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران زیاتر لەوە دەبن کە راگەیاندراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆمەڵێك گەمارۆی نوێی پەیوەندیدار بە رووداوە تیرۆریستییەکان و بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر، دەخرێنە سەر تاران.

بەگوتەی بۆڵتن، ئەگەرچی گەمارۆکان هێشتا کاریگەریی دیارییان لەسەر چالاکییەکانی ئێران لە سووریا و عێراق و یەمەن دانەناوە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران هەبووە و بەهای دراوی ئەم وڵاتە بە رێژەیەکی زۆر دابەزیووە ئەمەش پەرە سەندنی ناڕەزایەتییەکانی لێکەوتووەتەوە.

هاوکاتیش وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی تاران رایگەیاندووە، دۆخی ئابووریی خەڵک لە ژێر کاریگەریی گەمارۆکاندا زۆر دژوارە و بەرپرسانیش بە باشی هەست بەو دژوارییانەی ژیانی خەڵك دەکەن.

ھ.م