ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌رچوونی هێزه‌ بیانییه‌كان تاوتوێ ده‌كات

په‌رله‌مانتارێك: دوورخستنه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌م كاته‌دا كێشه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە، هەر کوتلەیەکی پەرلەمانیش، باس لەو پڕۆژە یاسایانە دەکات، کە لە وەرزی سێیەمی یاساداناندا پێویستە کاری لە پێشینە بن، بەڵام ئەوەی لە هەموویان زیاتر باس دەکرێت، دەرچوونی هێزەکانی بیانی و لێپرسینەوەیە لە وەزیرەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی.

حوسەین عەرەب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بزوتنەوەی ئیرادە ئاشکرایکرد، ئەنجوومەنی نوێنەران داواکاری بۆ لێپرسینەوە لە 7 وەزیر پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردووە و پێدەچێت متمانە لە دوو وەزیر بسەنرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکوومەت لای پەرلەمان، 36.5%ـە، لە کاتێکدا بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی حکوومەت بۆ کارەکانی خۆی دەگاتە 70%.

هاوکات، بەلای بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، مانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پۆستەكەی بە پێویست دەزانن، چونکە دوورخستنەوەی لەم كاتەدا ئاژاوەی گەورەتر دروست دەكات، بۆیە ئەو بابەتە دواخراوە.

هەرچەندە تێبینی زۆر لەسەر عەبدولمەهدی هەن، بە تایبەت بابەتی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی، كێشەی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام ئەمریکا و تەنانەت ئێرانیش لەگەڵ مانەوەی عەبدلولمەهدین لە پۆستەکەیدا.

پێشتر چەند میدیایەکی عیراقی بڵاویانكردەوە، ژمارەیەك پەرلەمانتار كار بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانە لە سەرۆك وەزیران دەکەن.

H.B