ئه‌مشه‌و چاره‌نووسی ئارجێنتینا له‌ده‌ستی عه‌ره‌به‌كانی قه‌ته‌ره‌

هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا ترسی له‌ هه‌مان سیناریۆی 36 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌

ئارجێنتینا لە یارییەکی چارەنووساز لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆپا ئەمریکای ٢٠١٩ رووبەڕووی قەتەر دەبێتەوە، مێسی و هاوڕێکانی تەنیا بە بردنەوە دەگەنە قۆناخی چارەکی کۆتایی، کە لە دوو یاریی رابردوویان هیچ بردنەوەیەکیان بەدەست نەهێناوە و تەنیا گۆڵێکیان کردووە، قەتەریش کە وەکو میوان بەشدارە دەیەوێت دوای جامی ئاسیا لە ئەمریکای لاتینیش سوپرایزێکی گەورە تۆمار بکات.

هەڵبژاردەی ئارجێنتینا، چارەنوسی بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەگی کۆتایی کەوتۆتە دەست هەڵبژاردەیەکی ئاسیایی، ئەویش قەتەری پاڵەوانی کیشوەرەکەیە.

خاوەن بیرۆکەی کۆپا ئەمریکا کۆنترین پاڵەوانیەتی تۆپی پێی جیهان، چارەنووسی لە مەترسیدایە و ئەگەری ئەوە هەیە هەر زوو لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی لە 46ـه‌مین وەشانی کۆپا ئەمریکا بکات، بەڵام یاریزانانی تانگۆ بەڵێنیانداوە باشتر لە دوو یاری رابردوو کار بکەن لە پێناو گەیشتن بە قۆناخی چارەگی کۆتایی.

بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو دەردەکەوێت ئارجێنتینا لەو کاتەی لە ساڵی 1975 کە کۆپا ئەمریکا لەسەر شێوازی کۆمەڵە بەرێوەدەچێت، زۆرترینجار قۆناخی کۆمەڵەکانیان تێپەڕاندووە، بۆیە هاندەرانی ئەم هەڵبژاردەیە بەو هیوایەن کە ئەمجارەشیان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بتوانن ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.

لیۆنێل مێسی و هاوڕێیانی فسارێکی زۆریان لەسەرە، بە هۆی ئەوەی لە دوو یاری یەکەم نەیانتوانیوە تامی بردنەوە بکەن، ئەوان خاوەنی تەنها یەک خاڵن، بە دۆران لەم یارییەدا شانسێکی زۆر کەمیان دەبێت بۆ قۆناخی داهاتوو، بەڵام بە بردنەوە بە رێژەیەکی زۆر بلیتی قۆناخی چارەگی کۆتایی بەدەست دێنن.

دوایینجار کە ئارجێنتینا نەیتوانی بێت قۆناخی کۆمەڵەکان تێپەرێنێت، 36 ساڵ پێش ئێستا بوو، ئەو کات لە قۆناخی یەکەم لە کۆی چوار یاری، بردنەوەیەک و سێ یەکسانبوونیان تۆمار کرد و ماڵئاواییان کرد.

لەلایەکی دیکەوە قەتەریەکان دەیانەوێت لە یەکەم بەشداری کردنیان لە کۆپا ئەمریکا، مێژووییه‌كی نوێ بە دەرکردنی ئارجێنتینای پاڵێوراو تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ نەوەکانیان بگێڕنەوە، ئەوان هەڵبژاردەیەکیان دوور خستەوە کە یەکێک لە باشترین یاریزانی جیهان کاپتنیان بوو.

پاڵەوانەکەی ئاسیا وەکو میوانی دێرینترین پاڵەوانیەتی جیهان، جاری یەکەمیانە بەشداری دەکەن، لەوانەیە ئەوان زیاتر بیر لە ئامادەکاری بۆ مۆندیالی داهاتوو بکەن، بەڵام ئەوەشیان بەرچاوە بە بردنەوە لە تانگۆ ئەوا دەتوانن خۆیان بۆ گەورەترین رووداوی جیهانی بسەلمێنن.

هەردوو هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و قەتەر لە مێژووی خۆیاندا تەنها یەکجار یارییان لەگەڵ یەکتری کردووە، ئەویش پێش 14 ساڵ بوو کاتێک لە یارییەکی دۆستانەدا ئارجێنتیناییەکان توانیان یارییەکە بە سێ گۆڵی بێ وەڵام ببەنەوە.