هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی 4 كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌درێت
K24 - هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانی سائیروون كه له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی دانیشتنه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 15/9/2018ـی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكراكرد.
ئه‌وه له كاتێكدایه میحوه‌ری نیشتمانی عێراقی كه زۆرینه‌ی لایه‌نه سوننییه‌كانی له خۆ گرتووه، رۆژی هه‌ینی رایانگه‌یاند: "50 په‌رله‌مانتاریان، محه‌مه‌د حه‌لبووسییان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستنیشان كردووه" به‌ڵام هێزه سیاسییه‌كانی دیكه كاندیدكردنی حه‌لبووسی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ئوسامه نوجێفی به تاكه كاندیدی ئه‌و پۆسته ده‌زانن.
رائید فه‌همی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی چاكسازی و بونیادنان به ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆی توركی گوتووه: "تا چه‌ند كاتژمێری پێشوو گفتوگۆكان به‌رده‌وام بوون و تا پێش دانیشتنی په‌رله‌مانیش درێژه‌یان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كاندیده‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌مبكرێنه‌وه".
فه‌همی ده‌ڵێت: "كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت 4 كاندید له كێبڕكێكه دووربخرێنه‌وه و ته‌نها 5 كاندید بمێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه به‌رده‌م په‌رله‌مان و ده‌نگ له‌سه‌ر كه‌سێكیان بدرێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌و پرۆسه‌یه یه‌كه‌مجاره به‌بێ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنی ژێر به ژێری سیاسی بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆككۆمار به‌ڕێوه ده‌چێت".
رائید فه‌همی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "دانووستانه‌كانی پێكهێنانی كوتله گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان و دیاریكردنی سه‌رۆكوه‌زیران پاش دیاریكردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌بێت، چونكه ده‌بێته هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ جووڵاندنی دانووستانه‌كان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه".
پێشتر راگه‌یێنرا كه هه‌ر یه‌كه له (ئوسامه نوجێفی، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، خالید عوبه‌یدی، ته‌لال زه‌وبه‌عی، ئه‌حمه‌د جبووری، محه‌مه‌د ته‌میم، رشید ئه‌لعه‌زاوی، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا جبووری، محه‌مه‌د خالیدی) كه هه‌موویان سه‌ر به سوننه‌كانن كاندیدی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانن.
بڕیاره ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ دیاریكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆببێته‌وه.