رۆژنامه‌یه‌كی ئەمریکی: سعوودیە بە نهێنی لەگەڵ ئێران کۆدەبێتەوە

"سعوودیە ترسی هەیە جارێکی دیکە ئێران هێرش بکاتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، سعوودیە بە نهێنی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ببەستێت، لە ترسی ئەوەی بە هۆی ناکۆکییە هەرێمییەکان جارێکی دیکە هێرش بکرێتەوە سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی.

ئەو رۆژنامە ئەمه‌ریکییە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی (14)ـی ئەیلوول بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی "ئارامکۆ" کەشێکی دیکەی خوڵقاندووە، بە جۆرێک بەرپرسانی سعوودی و ئەوروپی ئەمه‌ریکی جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە نوێنەرانی سعوودیە و ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا لە رێگەی کەناڵی تایبەتەوە لە عومان و کوێت و پاکستان پەیوەندی نهێنیان هەبووە و جەختیان لە هێورکردنەوەی دڵەڕاوکێکان لە نێوان ریاز و تاران کردووەتەوە.

رۆژنامەکە پشت بە لێدوانەکانی "بەهرام قاسمی" باڵیۆزی ئێران لە فەرەنسا و چەند بەرپرسێکی دیکە بەستووە، کە تاران پلانێکی ئاشتی پێشکەش بە سعوودیە کردووە، لە ناویدا پەیماننامەی هاوکاری و گەرەنتی کردنی هەناردەی نەوت لە خۆدەگرێت، ئەوەش دوای زنجیرە رووداوێک دێت کە چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگری لە کەنداو کرده‌ ئامانج.

هەروەها رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە لێدوانی بەرپرسێکی رۆژئاوایی رایگەیاندووە، هێڵێکی گەرم لە نێوان سعوودیە و حووسییەکانی یەمەن هەیە، ئاماژەش بەوەدەدات لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە گفتوگۆکان لە نێوان هەردوولا دەستی پێکردووە.

هاوکات بەرپرسێکی سعوودیش بۆ رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: سعوودیە ناچار بووە لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکات، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پڕۆسەی تۆمارکردنی پشکەکانی "ئارامکۆ" لە بۆرسەی "تەبادول" لە سعوودیە، کە ترسی هەبووە ناکۆکییەکان لەگەڵ تاران کێشە بۆ هەناردەی نەوتی سعوودیە درووستبکات و بەوەش وەبەرهێنەرە بیانییەکان نادڵنیاییان بۆ دروستبێت و هاوکاری ریاز نەکەن.

بەرپرسێکی دیکەی سعوودیش دەڵێت، ریاز متمانەی بە ئێرانییەکان نییە، بەڵام هیواخوازە بەو نزیکبوونەوەیە رێگری لە هێرشی دیکە بکات لە داهاتوودا.

هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژەی بەوەداوە، لایەنی دیکە لە ناوچەکە لە وانه‌ ئیمارات بە رەشبینییەوە لە پەیوەندییەکانی ریاز و تاران دەڕوانن.

لە هەمان کاتدا رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە ئەو پەیوەندیەی سعوودیە هاوتایە لەگەڵ هەوڵەکانی وڵاتەکە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی لەگەڵ قەتەر، ئەوەش بووەتە پرسیار لای بەشێک لە بەرپرسانی ریاز کە ئەو پاڵپشتییە نهێنییە چییە لە لایەن ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانی دیکە لە سعوودیە دەکرێت.