یەكێتی ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەكان تاوتوێ دەكات

گفتوگۆ لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی دەستژمێری دەنگەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و چەند پرسێكی دیكە كۆدەبێتەوە.

میدیای فەرمی یەكێتی لە زاری گوتەبێژی حزبەكە بڵاویكردەوە: "تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە  گفتوگۆكردنە لەسەر راگەیاندنی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ئەو پڕۆژەیەی كە تەواو بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عیراق و تەنها تێبینی ماوە لەسەری".

سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەكێتی راشیگەیاندووە: "لە كۆبوونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بارودۆخی ئەمنی و  بژێوی خەڵكی كوردستان دەكەین".

كۆبوونەوەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی لایەنە ناڕازییەكان لە سلێمانی كە بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا دوایین ھەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەنجامەكان رابگەیەنن.

لە 9/8/2018، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌نجامی پرۆسه‌ی دووباره‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بڵاوكرده‌وه‌. به‌گوێره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌ی له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كورسییه‌كان هیچ گۆڕانكارییه‌كیان تێدا نه‌كراوه‌ و كورسی لایه‌نه‌كان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو خۆیه‌تی.

ھ.م