ئەمەریکا بڕیارە "گرنگە مەترسیدارەکە" لەبارەی ئێران دەدات

"سزای سەر ئێران بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەبێتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، بەم نزیکانە ئەمەریکا بڕیاری بەخشینی هەندێک وڵات لە سزاکانی سەر ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە و بەمەش نرخی نەوت زیاد دەکات.

چەند سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەمەریکا ئاشکرایانکردووە، ئەمەریکا رەنگە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئەو بڕیارە بدات، ئەو وڵاتانەی پێشتر بەشێوەیەکی کاتی لە سزاکانی ئێران بەخشیبوونی دەبێت چیدیکە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران نەکەن، ئەگەرنا سزای ئابووری دەدرێن، بەمەش نرخی نەوت بە رێژەی 3% بەرزدەبێتەوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بە روونی بە تیمی ئاسایشی نیشتیمانیی وڵاتەکەی گوتووە کە ئەو لێخۆشبوونە کۆتایی دێت و فشارەکانی ئێران بۆ دواین پلە بەرز دەکاتەوە، بەجۆرێک نایەوێت یەک بەرمیل نەوتی کۆماری ئیسلامی بفرۆشرێت.

لە مانگی 11- تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، ترەمپ بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران کە کەرتی نەوت و وزەی گرتەوە سەپاند، بەڵام هەندێک وڵاتی لەو سزایە بە شێوەیەکی کاتی بەخشی کە عێرق و تورکیاشی گرتەوە.

Reuters

H.J