فرانس پرێس: 5 هاووڵاتی له ئاكامی بۆردومانی توركیا شه‌هید بوون
K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵده‌ری فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، له ئاكامی بۆردومانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر سه‌رێ كانی 5 هاووڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هید بوون.
ئاژانسه له زاری به‌رپرسانی روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه، شه‌ڕ له ده‌وروبه‌ری سه‌رێ كانی به‌رده‌وامه.
سه‌ره‌ڕای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مڕۆ تۆپخانه‌كانی توركیا ده‌ستیان كرده‌وه به تۆپبارانكردنی سه‌رێ كانی.
شارۆچكه‌ی سه‌رێ كانی هاوسنووری توركیایه و له لایه‌ن سوپای توركیا و میلیشیا توندڕه‌وه هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه ماوه‌ی 10 رۆژه هێرشی ده‌كرێته سه‌ر.
شه‌ڕڤانانی كورد له شارۆچكه‌كه به‌رده‌وامن له به‌رگریكردن و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركیا له چواره‌م رۆژی هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر رۆژئاوا رایگه‌یاندبوو، ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رێ كانیدا گرتووه، به‌ڵام هێشتا ناوچه‌كه له ژێر كۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌یه.
ئه‌مڕۆ 10 رۆژه سوپای توركیا هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی ده‌كاته سه‌ر سه‌رێ كانی.
هاوكات دوێنێ له دژه هێرشێكدا هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) توانیان حه‌وت گوندی دیكه‌ی سنووری شارۆچكه‌ی ته‌ل ته‌مر له ژێر ده‌ستی سوپای توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌ربهێنن و كۆنترۆڵیان بكه‌نه‌وه.
شه‌وی رابردوو، ئه‌ردۆغان و مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاریاندا ئاگربه‌ست له باكووری سووریا رابگه‌یه‌ندرێت.
جێگری دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، راشیگه‌یاند، كورد پابه‌ندی ئاگربه‌سته‌كه ده‌بن.