لە ناو بنکەی پۆلیسی کفری پۆلیسێک برایەک و براژنەکەی دەکوژێت
K24 – ههولێر:
پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 09/12/2018 لە ناو بنکەی پۆلیسی کفری، پۆلیسێک، برایەک و براژنەکەی خۆی کوشتووە.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، پۆلیسەکە تەقەی لە هەردوو قوربانییەکە کردووە و کوشتونی و ئێستا تەرمی قوربانییەکان لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانین.
عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و راشیگەیاند، تاکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازانن، بەڵام دوو براکە کێشەیان هەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا، جیا لە بکوژەکە دوو کەسی دیکەش لەسەر رووداوەکە دەستگیر کراون و ئەو دەمانچەیەشی بکوژ تاوانەکەی پێ ئەنجام داوە، دەستی بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی گەرمیانیش، بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە لەقەزای کفری کەسێک بەناوی هـ . ا . ع ، برازایەک وخێزانەکەی بەناوەکانی( محمد خليل ابراهيم ) لەدایکبووی 1995 و ( احلام سكران جەمال ) لەدایکبووی 1992 دەکوژێت.
H.J