پۆلیسی توركیا پەرلەمانتارانی ھەدەپەی لە دیاربەكر گەمارۆدا

دوورخستنەوەی سێ سەرۆكی شارەوانی ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

K24 - دیاربەكر

بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ھێزە ئەمنییەكانی توركیا بارەگای پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)یان لە دیاربەكر گەمارۆدا و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و چەند پەرلەمانتارێكی ھەدەپە دروستبوو.

پەیامنێری كوردستان24 لە دیاربەكر رایگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی ھەدەپە دژی بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكانی دیاربەكر و مێردین و وان، لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستان خۆپیشاندان بكەن، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی توركیاوە پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە بارەگای ئەو حزبە لە دیاربەكر گەمارۆ دراون".

سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری ھەدەپە رووبەڕووی ھێزەكانی پۆلیس بووەوە و ویستی بەربەستی پۆلیس بشكێنێ، بەڵام پۆلیس رێگریان لێكرد، بەمەش ئاڵۆزی لەنێوانیان دروستبوو.

دوای ئەو بڕیاری دوورخستنەوەی سێ سەرۆكی شارەوانی گەورەی باكووری كوردستان، 62 پەرلەمانتاری ھەدەپە بڕیاریدان وەك ناڕەزایی دژی ئەو بڕیارە ئەمڕۆ بچنە بەردەم شارەوانییەكانی دیاربەكر و مێردین و وان.

دوێنێ دووشەممە 19/8/2019، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆر و بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەر یەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون.

ھ.م