زڵاتان باشترین و كامڵترین 11 یاریزان ده‌ستنیشان ده‌كات

زڵاتان: هەموو مەشقێك لای لیلیان تورام وەك یاری كۆتایی جامی جیهانی گرینگ بوو

زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ ئەستێرەی تۆپی پێی سوێدی لە رابردوودا دووەم كتێبی خۆی بەنێوی من (تۆپی پێم) بڵاو كردەوە، لە دەستپێكی كتێیەكەدا باشترین پێكهاتەی لە كاروانی وەرزشیی خۆیدا باس كردووە و بە چەند دێڕێك ستایشی ئەو یاریزانانە دەكات كە لەگەڵیان یاری كردووە، هەروەها ئیبرا 5 یاریزانی یەدەگی داناوە و ئەوانەشی لەبیر نەكردووە.

ئیبرا بەم شێوەیە باسی پێكهاتەكەی دەكات.

گۆڵپارێز: جیجی بوفۆن

"كاتێك پەیوەندیم بە یانەی یوڤێنتووس كرد، لە یەكەم یەكەی مەشق و راهێناندا لە ژێر سەرپەرشتی فابیۆ كاپیلۆ، ئەركی من ئەوە بوو هێڵی بەرگری ببڕم و گۆڵ لە باشترین گۆڵپارێزی جیهان بكەم، ئەمەش شتێكی مەحاڵ بوو".

به‌رگریكار: لیلیان تورام

"یاریزانێكی باریك و ڕەق بوو، هەموو مەشقێك لای ئەو وەك یاری كۆتایی جامی جیهانی گرینگ بوو، بەرامبەر بە من قسەی ڕەق بوو، دەیگووت: ئیبرا تۆ گەنجێكی گەمژەیت، بەڵام باشی تۆ ئەوەیە زوو شت فێر دەبی.

به‌رگریكار: تیاگۆ سیلڤا

"كامڵترین دڵی بەرگرییە كە من یاریم لەگەڵ كردبێت، دەتوانم خۆم و ئەو وەك یەك هەڵبسەنگێنم هەرچەندە لە دوو شوێنی جیا یاریمان كردووە، من هێرشبەر و ئەویش بەرگریكار، ئەو كاتەی بیرم كەوتۆتەوە ئەو لە پشتمە بێباك بوومە و هیچ لە هێڵی بەرگری خۆمان نەترساوم، چونكە ئەو كۆنترۆڵی هەمووی دەكرد".

به‌رگریكار: ئەلیساندرۆ نێستا

"نێستا گەورە و مامۆستای تیاگۆ سێلڤا بوو، بێ كەموكوڕی، رەوشت بەرز، شەیدای سەركەوتن، هیچ شتێك لای ئەو بچووك نەبوو، هەمیشە بە جدی وەری دەگرت، ترسناك بوو، زۆیشر ترسناك بوو، هەموو كات بڕیاری گونجاو لە كاتی گونجاو پیشەی ئەو بوو لەكاتی یاریدا".

به‌رگریكار: ماكسویل

"هەموو كەسێك مێژووی ئەو دەزانێ كە من و ماكس لە زۆر یانە بەیەكەوە یاریمان كردووە ئێستەیش دوو هاوڕێی نزیكی یەكترین، یاریزانێكی كەشخە بوو، هیچ یاریزانێكم وەك ماكس نەبینیوە كەشخە بێت".

ناوه‌راستكار: پاتریك ڤێرا

"ڤێرا، وای كرد من باشتر لە یاری تێبگەم، هێندەی ئەسپێك كاری پێدەكردم، ڤێرا زۆر ڕایدەكرد لە چاو ئەوانەی لە دەوروبەری بوون لە رادەبەدەر ڕای دەكرد، سەیر بوو مرۆڤ بێت و ئاوا بێت، زۆرترین كاریگەری لەسەر یاریكردنم هەبوو".

ناوه‌راستكار: چاڤی هێرناندێز

"لە بارسێلۆنا بە مستەری پێرفێكت بانگمان دەكرد، چونكە مەحاڵ بوو یەك هەڵەش بكات، هەموو شتەكانی كامڵ و بێ كه‌موكوڕی بوو هەمیشە داوای تۆپی دەكرد، تێر نەدەبوو لە پاسات، هەر كاتێك تۆپ بە درێژایی تێپەڕ دەبوو دەیگوت: نا نا نا دەبێ لە رێگەی منەوە بڕوات، بەڕاستی مافی خۆی بوو وابێت".

ناوه‌راستكار: پاڤل نێدڤێد

"ئەو پیاوە وەك ئامێر بوو، جوانترین یاریزان بوو بۆ مەشقكردن، ئەو پێش مەشقی گشتی هەمیشە مەشقی بەتەنیا دەكرد و دوای مەشقیش دیسان بەردەوام دەبوو، هەرگیز یاریزانی پیشەگەری وام نەبینیوە بۆیە شایەنی خەلاتی تۆپی زێڕین بوو".

هێرشبه‌ر: لیونیل مێسی

"زۆر خۆش بوو باڵی لای چەپم مێسی بوو، چونكە ئەو لە پلەی ستەیشن دەچوو، لەو جیهانە هاوشێوەی ئەو نییە و باشترینی مێژووە، بەیەكەوە زۆر زۆر باش بووین، تا ئەو كاتەی راهێنەر خۆی خستە نێوانمان و شتەكان گۆڕان".

هێرشبه‌ر: رۆناڵدینهۆ

"زۆر كەم بەیەكەوە یاریمان كرد، بەڵام ئێستەیش تامەزرۆی یاریم لە تەنیشتییەوە، چونكە ئەو لێزان بوو، لەگەڵ ئەو نەتدەتوانی باسی تۆپی پێ بكەی، تەنیا بەوە رادەگەیشتی تاموچێژ لە تۆپی پێ بكەی، ئەوەی ئەو ئەنجامی دەدا سەرسوڕهێنەر بوو، هیچت بۆ نەدەكرا جگە لەوەی لە ناخی دڵتەوە چەپڵەی بۆ لێبدەی لەنێو یاریگا".

هێرشبه‌ر: زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ

پێویست ناكات باسی خۆمتان بۆ بكەم، چونكە دەمناسن، ئەگەر نەشت ناسیوم فەرموو ئەو كتێبە بخوێنەوە.

یاریزانە یەدەگەكان

گۆڵپارێز: خۆلیۆ سیزار

"هەموو كات ئامادەی یاریی بوو، خاوەنی تەكنیكێكی زۆر باش بوو، كەسێكی دەم بەخەندە و روح سووك بوو".

ئەندرێس ئینێستا

"مستەری جادووكەر، هەر كاتێك تۆپت پێ بدایە ئەو چارەسەرێكی بۆ دەدۆزیەوە".

فابیۆ كاناڤارۆ

"خاوەنی باشترین تەركیز بوو بۆ ئەوەی هەرگیز گۆڵی لێنەكرێت".

جینارۆ گاتوسۆ

"باشترینی جیهان نەبوو، بەڵام وای لە یاریزانەكانی خۆی دەكرد 200% كار بكەن".

سیدۆرف

" ئەو هەموو شتێكی دەتوانی، لێدان، تێپەڕبوون، پاسدان، لەگەڵ ئەویش لوتكەی رەوشت بەرزی بوو".

 

وه‌رگیرانی له‌ نه‌رویجییه‌وه‌ قەیس بلباس

پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی مه‌سعوود حه‌سه‌ن