رۆژی هەینی هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوە دەچێت

زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەشداریی دەکەن

رۆژی هەینی هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوە دەچێت، کە چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەشداریی ماراسۆنەکە بکەن.

رۆژی هەینی 25ی ئۆکتۆبەری 2019 بە بەشداریی زیاتر لە پێنج هەزار کەس هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێڕ بەڕێوە دەچێت، کە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر یەکێکە لە رێکخراوترین و باشترین ماراسۆن و ساڵانە لەلایەن رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

عەبدولستار یونس، سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن بە کوردستان24ی راگەیاند 'سەرجەم ئامادەکارییەکانمان بۆ رۆژی هەینی تەواو کردووە و تاکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە و پێشبینی دەکەین تاکو رۆژی پێنجشەممە زیاتر لە پێنج هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار بکەن، هەربۆیە پێشبینی دەکەین ئەمساڵ یەکێک لە باشترین ماراسۆنەکانی خۆمان ئەنجام بدەین'.

رۆژی هەینی لە کاتژمێر 08:00ی بەیانییەوە ماراسۆنی 42 کیلۆمەتری دەستپێدەکات کە لە شەقامی 60 مەتری بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر تاکو کاتژمێر 01:00ی نیوەڕۆ سایدێکی شەقامەکە دادەخرێت، پێشبڕکێی 12 کیلۆمەتری و 4 کیلۆمەتریش دەکرێت، کە یەکەم و دووەم و سێیەمی هەردوو ماراسۆنی 42 کیلۆمەتری و 12 کیلۆمەتری بە بڕێک پارە خەڵات دەکرێن.