یاریگایەکی گەورەی پۆرتوگاڵ بەناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکرێت
یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگاڵی دەیەوێت لە دوای وازهێنانی لە یاریکردن یاریگاکەی بەناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری پێشووی یانەکەیەوە بکات.
فرێدریکۆ ڤانداراسی سەرۆکی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگاڵی لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە بەنیازن یاریگای خۆسێ ئالڤالادێ کە تایبەتە بە یانەکەیان بەناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سێ ناو پێشینیارکراون و لەوانەیە ناوی یاریگاکە بکەنە (CR7 ئارینا) یان (کریستیانۆ رۆناڵدۆ ستایدۆم) یانیش (ئالڤالادێ CR7 ئارینا).
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دەستپێکی کاروانی وەرزشی خۆی لە ریزەکانی سپۆرتینگ لیسبۆنی پۆرتوگاڵی یاریی کردووە و لە کۆی 25 یاریی پێنج گۆڵی بە درێسی یانە پۆرتوگاڵییەکە کردووە و یانە پۆرتوگاڵییەکە دەیەوێت دۆن بکاتە سیمبوڵێکی خۆی و دوای وازهێنانی یاریزانە 34 ساڵانەکە یاریگاکەی بەناوی ئەو یاریزانە بەناوبانگە بکات.