ماوریزیۆ ساری: كریستیانۆ ئازاری هه‌یه
ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتۆس پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌یان به‌رامبه‌ر میلان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئازاری له پاژنه‌ی پێی هه‌یه، ده‌شڵێت: دڵخۆشم به ئاستبه‌رزی هیگواین، له ئێستادا ئه‌و هێرشبه‌ره له باشترین دۆخی خۆیدایه.
ئێواره‌ی ئه‌مرۆ شه‌ممه، له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلان له سێریا ئه‌ی، ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس گوتی: ئه‌و ده‌ستپێكه خراپه‌ی میلان به واتای ئه‌وه نایه‌ت كه ئه‌وان خراپ و لاوازن، به‌ڵكو ئه‌وان مێژووییه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه و له توانایاندا هه‌یه خۆیان راستبكه‌نه‌وه و پێشبكه‌ون.
ساری گوتیشی: له دوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی جۆرجیۆ كیلینی به‌هۆی پێكانه‌وه، ئێستا ئێمه خاوه‌نی لیۆناردۆ بۆنۆچین كه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر تیپه‌كه هه‌یه، له هه‌موو یارییه‌كان زۆر پێویستیمان به تواناكانیه‌تی، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م پشووی پێبده‌م بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری لێ بكه‌م.
ساری له به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا گوتی: هێشتا به‌شداریكردنی ماتیاس دی لیخت دیار نییه، به‌ڵام ئارۆن رامزی جێگه‌ی ئومێدی ئێمه‌یه، ده‌توانێت رۆڵی به‌رگری ببینێت، جیا له‌وه‌ش رامزی له ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی گۆڵكردن به توانایه و ده‌توانێت گۆلیش بكات.
راهێنه‌ری یوڤی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه كریستیانۆ رۆناڵدۆ له ئێستادا له پاژنه‌ی پێی هه‌ست به ئازار ده‌كات، به‌ڵام ئازاره‌كه‌ی مه‌ترسیدار نییه، ده‌شڵێت: ورده‌كاری زۆر له باره‌ی پێكانه‌كه‌ی كریستیانۆ نازانم، به‌ڵام دڵنیام ته‌ندروستی باشه.
ماوریزیۆ ساری له پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه هێشتا یوڤی پێویستی به‌وه‌یه له ڕووی ته‌كتیكییه‌وه باشتر بێت، ده‌شڵێت: كاتی باشمان له‌به‌رده‌مه بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كان باشتر گه‌شه بكه‌ن و به‌هێزتر ده‌ربكه‌ون.
له گه‌ڕی دوازده‌یه‌می سێریا ئه‌ی، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه له كاتژمێر 10:45 خوله‌كی شه‌و، یانه‌ی یوڤێنتۆس له نێو یاریگه‌ی ئالیانز ستادیۆم میوانداریی میلان ده‌كات، یانه‌ی خانمه‌پیره‌كه 16 ساڵه له‌سه‌ر ئه‌م یاریگه‌یه به میلان نه‌دۆڕاوه.