"بارسێلۆنا ئاماده‌ نییه‌ یه‌ك یۆرۆش له‌ پێناو نێیمار بدات"

"نێیمار هه‌وڵه‌كانی به‌ ئاراسته‌ی كریستیانۆ و یوڤێنتۆس گۆڕی"

بارسێلۆنا بەهۆی قەرزە کەلەکەبووەکەی سەری ئامادە نییە یەک یۆرۆش لەپێناوی نيیمار بداتە پاریس سانجێرمان، نێیماریش دەیەوێت بژاردەی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لەوانەیە بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبکاتە ریزەکانی یۆڤێنتۆس.

بارسێلۆنا ناتوانێت یەک یۆرۆش لە پێناوی کڕینی نێیمار بداتە پاریس سانجێرمان، ئەو یانە فڕەنسییەش ئامادە نییە هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو هێرشبەرە بڕازیلییەی بێت کە دوو ساڵ لەمەوبەر ٢٢٢ ملیۆن یۆرۆی بۆ کڕینی خەرجکرد.

بەهۆی کێشەی بودجەی ساڵانەی یانەکەوە بارسێلۆنا بۆ گەڕانەوەی نێیمار تەنیا ئامادەیە مامەڵە بە یاریزانەکانی بکات و ئامادەیی دەربڕیوە لە بەرامبەر نێیمار هەریەکە لە فیلیپ کۆتینهۆ و ئۆمتیتی یان راکیتیچ بداتە پاریس سانجێرمان، چونکە بڕی کورتهێنانی بودجەی ساڵانەی بارسێلۆنا یاسای فیفای شکاندووە و بارسێلۆنا نایەوێت لەوە زیاتر کورتهێنانی بودجەکەی زیاتر بێت.

ئێستا کورتهێنانی بودجەی بارسێلۆنا ٢٢٣ ملیۆن یۆرۆیە، ئەگەر بارسێلۆنا بە پارە نێیمار بکڕێت ئەوا کورتهێنانەکەی دەگاتە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ، لەکاتێکدا بەپێی یاسای فیفا نابێت کورتهێنانی یانەکان لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ تێبپەڕێت.

بارسێلۆنا دەیەوێت بە دەستبەرداربوونی لە کۆتینهۆ و یاریزانێکی دیکەی هاوسەنگی لە نێوان رێژەی خەرجی و داهاتی دروست بکات، تەنانەت بلاوگرانا دوای کڕینی ئانتوان گریزمان کە ١٢٠ ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانە کەتەلۆنییەکە کەوتووە، بڕیاری داوە چەند یاریزانێکی یانەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی هاوکێشەی خەرجییەکان و داهاتەکانی هاوسەنگ بکات.

پاریس سانجێرمان وەکو هەنگاوی یەکەم داوای ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەکات لە بەرامبەر فرۆشتنی نێیمار، بەڵام رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا دەڵێن بەهۆی پێداگیری نێیمار لەسەر رۆیشتن ئەم داوایەی یۆڤیش بۆ ١٥٠ ملیۆن یۆرۆ دادەبەزێت.

رۆژنامەی لیکیپی فڕەنسی ئاشکرایکردووە، نێیمار لە ئێستاوە بەدوای بژاردەی دووەم و سێیەم دەگەڕێت چونکە نیمۆ لەسەر بەجێهێشتنی پاریس سانجێرمان سوورە، بۆیە لەسەر رێنمایی باوکی دەیەوێت لەگەڵ یۆڤێنتۆس دەست بە گفتوگۆ بکات و سوود لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەربگرێت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یۆڤێنتۆسەوە بکات، کە جگە لەو یانە ئیتاڵییە هەریەکە لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد و بایرن میونشن و ریال مەدریدیش لەلایەن نێیمارەوە پەسەندن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو یارییان بۆ بکات.