ھاوشێوەکەی کریستیانۆ گەیشتە بریتانیا

رۆژنامەیەکی بریتانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ھاوشێوەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات

لوقمان عەلی

بێوار عەبدوڵڵا، ئەو کرێکارە کوردە، ناوبانگییەکی لەرادەبەدەر لە کوردستان و عێراق دەستخست، ئەو ناودارییه‌ش بەھۆی لەیەکچوونی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی یۆڤینتۆسی ئیتاڵی بوو.

بێواری تەمەن ٢٥ ساڵان لە مانگی پێنجی رابردوو ماڵئاوایی لە باشووری کوردستان کرد و، ناوبانگی لەیەکچوونی لەگەڵ یاریزانەکەی خانمە پیرەکە جێھێشت.

رۆژنامەی سەنی بریتانی لەراپۆرتێکدا بێواری بەسەر کردەوە و ئاماژەی بەسەرەتاکی دەرکەوتنی لە بریتانیا کرد و نوسیوویەتی: "شین دۆگڵاسی ٣٥ ساڵان خاون مارکێتێکە، کاتێک بێوار دەبینێت تووشی شۆک دەبێت کە ئەم گەنجە شێوەی له‌ کرسیتیانۆکەی پۆرتوگال دەچێت.

رۆژنامەی سەن ئاماژەی بەوەیش دا، دۆگڵاس بیر لەوە دەکاتەوە کاری دۆبلێر لەشێوەی کریستیانۆ بە بێوار بکات بۆ ئەوەی لە ئاھەنگەکان و بۆنەکان رۆڵی ئەو بگێڕێت.

لەمبارەیەور دۆگڵاس دەڵێت: "سەرەتا کە بێوارم بینی، وامزانی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، لەھەمان کات لەساتی بینینەکەی کۆپییەکی Fifa 19  لەدەست بوو کە لەسەر بەرگەکە یاریزانە پۆرتوگالییەکەی وێنە کێشرابوو، کاتێک بەراوردم لەگەڵ کریستیانۆ کرد باوەڕم نەکرد!".

خاوەن مارکێتەکە دەشڵێت: "بێوارم راگرت و پێمگوت، تۆ لەکریستیانۆ دەچیت، کەمێک پەیوەندی و ھەماھەنگیت پێویستە وئایندەیەکی گەش چاوەڕوانت دەبێت، بێوار پێشتر ھاوکاری نەکراوە و دەبێت ئێمە بۆی بکەین، لەبەریتانیاش خەڵک بە کریستیانۆ ھاورار و بانگی دەکەن و وادەزانن بە ئەو دەچێت".

لەلایەکی دیکەوە بێوار عەبدوڵڵا بۆ سەن گوتی: "کریستیانۆ درێسی ھەر یانەیەکی پۆشیبێت، من وەک ئەوم پۆشیوە، بەردەوام ھاوشانی گۆڕانکارییەکانی شێوەی کریستیانۆم لەرووی قژ و رووخسار و جوڵە و پۆشین، ھەرچەندە لەرووی ئاست زۆر لێک جیاوازین و ھیواخوازبووم بگەیشتبامە نیوەی ئاستە سەرسوڕھێنەکەی".

بێوار ده‌شڵێت: "لەھەمان شوێنی کریس یاری دەکەم، درێسەکەم ژمارە (7)ـه‌، خەونی من ئەوەیە بە ئەو بگەم، سوپاسگوزارم کە لە بریتانیام، دڵخۆشیشم کە دۆگڵاسم ناسی، چونکە ھاوکاریم دەکات، ھەوڵیش دەدەم بگەم بە ئامانجەکەم".

بێوار عەبدوڵڵا گەنجێکی دانیشتووی شاری سۆران بوو، دوای لەیەکچوونی لەگەڵ کریستیانۆ، بووە جێگەی بایەخی راگەیاندنەکانی باشووری کوردستان، ناوبانگییەکی لەرادەبەدەری دەرکرد و دواتر کۆچی بۆ وڵاتی بریتانیا کرد.