ریال مەدرید مووچەی کەریم بێنزێما زیاد دەکات

گرێبەستەکەشی نوێ دەکاتەوە

ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستی کەریم بێنزێما تاکو ساڵی 2022 نوێبکاتەوە و مووچەکەشی زیاد بکات.

یانەی ریال مەدرید و کەریم بێنزێما نزیکن بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بە مووچەیەکی زیاتر گرێبەستی نێوانیان نوێبکەنەوە، کە گرێبەستی ئێستای هێرشبەرە فڕەنسییەکە تاکو ساڵی 2021 بە مووچەی هەشت ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بێنزێما نزیکە تاکو هاوینی 2022 گرێبەستەکەی بە مووچەی ساڵانەی یازدە ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ ریال مەدرید نوێ بکاتەوە.
لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید رۆیشتووە، کەریم بێنزێما گۆڵکاری یەکەمی مێرێنگییە و لەم وەرزەی لالیگا بە تۆمارکردنی شەش گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.