عه‌لی حوسێن وه‌ڵامی سه‌عدی پیره ده‌داته‌وه
K24- هه‌ولێر:
له‌كاتی به‌شداریكردنی له ستۆدیۆی كراوه‌ی كوردستان 24، له پیشانگای نێوده‌وڵه‌تی كتێب له شاری هه‌ولێر، عه‌لی حوسێن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، "له‌به‌رئه‌وه‌ی دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه‌ی له‌ڕووی سیاسی، ئابووری و ئه‌منییه‌وه به‌سه‌ر عێراقدا هات، دۆخی ئێستای عێراق پێویستی به سه‌قامگیری هه‌یه، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك كورد به گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌و باوه‌ڕه‌داین، بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان و بۆ له‌به‌رچاوگرتنی ئامانجی داهاتووی گه‌له‌كه‌مان، پابه‌ندی ئه‌و ئارامی و سه‌قامگیرییه بین كه بۆ دۆخه‌كه گرنگه".
هه‌روه‌ها عه‌لی حوسێن گوتی: "دیدگای سه‌ركردایه‌تی سیاسی پارتی بۆ ئێستا ئه‌وه‌یه كه نه‌ك ته‌نیا له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق به‌شدار بین، به‌ڵكو پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت به‌شداری له‌و پرۆسه‌یه‌دا بكه‌ین".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "خه‌ریكه لایه‌نه عێراقییه‌كانیش ده‌گه‌نه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیمان له‌سه‌ر هه‌رسێ بنه‌مای شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و هاوسه‌نگی نه‌بێت، ئه‌وا ناتوانین كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی پارتی به‌رامبه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقیش، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی گوتی: "ئێمه باوه‌ڕمان به عه‌بدولمه‌هدی هه‌یه، چونكه له‌لایه‌ك دۆستی كورده و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی حزبه سیاسییه‌كان بۆ ئه‌و پۆسته راسپێردراوه، بۆیه ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه ئه‌جێندای حزبی له كاره ئیدارییه‌كانیدا جێبه‌جێ ناكات".
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌م دواییه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتیش عه‌لی حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوانمانه‌وه زیان به هه‌ردوو لامان گه‌یشتووه و وێڕای زیانگه‌یشتن به میلله‌ت"، هه‌روه‌ها گوتی، "له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌زموونمان به‌یه‌كه‌وه هه‌بووه و شێوازی مامه‌ڵه‌كردنیشمان به‌یه‌كه‌وه دیاربوو كه به‌شێوه‌یه‌ك بوو، ره‌چاوی هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حزبی ده‌كرا، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی مێژووی به‌یه‌كه‌وه كاركردن و ئاینده‌ی به‌یه‌كه‌وه كاركردن، ئه‌مه‌ش كارێكی ئه‌رێنی نه‌بوو و گۆڕانكاریێكی خه‌راب بوو".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "وێڕای ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ش، ئێمه وه‌ك حزبی پارتی ئامرازین و دۆزێكی گه‌وره‌مان له‌پێشه كه له‌پێناوی درووست بووین، بۆیه پێویسته لێكتێگه‌یشتن بخه‌ینه پێشینه‌ی كاره‌كانمان و هه‌وڵ بده‌ین قۆناغی داهاتووشمان به به‌رپرسیارانه تێپه‌ڕێنین، چونكه چاره‌نووسمان به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و هه‌ریه‌كێكمان به‌گوێره‌ی خۆی به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆیه".
سه‌باره‌ت به‌و لێدوانانه‌ش كه لێره و له‌وێ له به‌رپرسانی یه‌كێتییه‌وه ده‌بیسترێن و هه‌ڵوێستی دژی پارتی نیشان ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت كه سه‌عدی پیره، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی گوتبووی: "برینی پارتی قووڵه"، عه‌لی حوسێن گوتی: "هیوادارم ئه‌مه رای تاكه‌كه‌سی بێت و ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م قسانه‌ی سه‌عدی پیره به‌ڕاست ده‌زانم، چونكه برینی پارتی برینی نیشتیمانێكی برینداره و ئێمه شانازی پێوه ده‌كه‌ین، برینێكه كه له‌ئه‌نجامی غه‌در و خیانه‌ت و خه‌نجه‌ری له‌پشته‌وه زوخاو ده‌كات و بۆ ئێمه سه‌رفرازییه كه به‌شێك بین له‌و برینه قووڵه‌ی سه‌عدی پیره باسی لێوه ده‌كات".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته عه‌لی حوسێن گوتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌و برینه‌ش نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه ئه‌مڕۆ 20ی ئوكتۆبه‌ره و ساڵڕۆژه ئه‌و داستانانه‌یه كه پارتی دیموكراتی كوردستان له پردێ و سحێلا به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك بارزانی شكۆی ئه‌و نیشتیمانه برینداره‌ی پاراست، به‌ڵام میلله‌تی ئێمه ئه‌وه‌نده هۆشیاره كه دركیان به‌و راستییه كردووه و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و كوردستانیش پاداشتی ئه‌و شكۆ پاراستنه‌یان به پارتی دایه‌وه و پارتییان كرده حزبی ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به گشتی".
عه‌لی حوسێن جه‌ختی كرده‌وه، "پارتی شانازی به‌و متمانه‌یه ده‌كات كه گه‌لی كوردستان له هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كان پێیاندا، ئه‌وانه‌ی كه شانازیش به‌و خه‌نجه‌ره‌وه ده‌كه‌ن كه له‌پشته‌وه له خواست و ئیراده‌ی گه‌لی كورد درا، پیرۆزیان بێت".
H.B