"گۆڕان له رێگه‌ی راپرسی خۆی یه‌كلاده‌كاته‌وه"
K24 - سلێمانی:
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌شداری كردن له كابینه‌ی نوێ یان بوون به ئۆپۆزسیۆن له سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی راپرسی هه‌ڵسوڕاوانی و ئه‌نجامی دانووستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه.
ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاشكرای ده‌كات، به‌شداریكردنی گۆڕان ده‌مێنێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوبه‌شی راسته‌قینه له حكوومه‌ت قه‌بووڵ ده‌كرێت یان وه‌ك پێشتر ته‌نیا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌بێت.
تا ئێستا گۆڕان خۆی یه‌كلا نه‌كردوه‌ته‌وه له كابینه‌ی داهاتوو به‌شدار ده‌بێت یان ده‌بێته ئۆپۆزسیۆن، بڕیاردانیشیان به‌ستووه‌ته‌وه به ئه‌نجامی ئه‌و راپرسیه‌ی له نێو هه‌ڵسوڕاوانیان كردوویانه، ڕاي زۆرینه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه به‌شدارى حكوومه‌ت بكه‌ن و شه‌راكه‌تى راستهقينهشيان ده‌وێت، ئه‌و پرسه‌ش لهجڤاتى نيشتيمانى يه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه و بۆ گفتوگۆش چاوه‌ڕوانى سه‌ردانى شاندى پارتى ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده هێشتا كارنامه‌ی حكوومه‌تی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو نه‌خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام به‌شێك له‌لايه‌نه‌كان پێيان باشه له‌سه‌ر بنه‌ماى به ده‌ستهێنانی متمانه‌ى هاووڵاتيان به‌شدارى حكوومه‌ت بكه‌ن, پارتيش وه‌ك براوه‌ى يه‌كه‌م هێڵى سوورى له‌سه‌ر هيچ لايه‌نێك نيیه، به‌ڵام ئاشكرای كردووه كه هه‌ر لایه‌نێك به‌شداری حكوومه‌ت بێت، ئه‌وا به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی پشكی پێ ده‌درێت.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌هه‌ڵبژاردنى 30 ئه‌يلوول، 12 كورسى به‌ده‌ستهێنا و به‌راورد به خوولی رابردوو، كورسییه‌كانی بۆ نیوه كه‌می كرد, ئێستاش هه‌رچه‌نده ده‌نگى به‌شداريكردنى گۆڕان له‌كابينه‌ى داهاتوو هه‌يه، به‌ڵام گۆڕان به ورياييه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه مامه‌ڵه ده‌كات و ده‌ڵێن نايانه‌وێت ئه‌زموونى كابينه‌ى رابردوو دوباره بكه‌نه‌وه .
ئ. م