لە پارێزگایەكی عێراق فرۆشتنی مادە كحولییەكان قەدەخە دەكرێت

بڕیارەكەی حكوومەت ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای دەركردنی فەرمانێك لەلایەن پارێزگاری سەڵاحەدین، لەبارەی داخستنی سەرجەم فرۆشگاكانی ماددە كحولییەكان، لە شارۆچكەی شەرگاتی باكووری پارێزگاكەش بڕیارەكە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێك لە خەڵكی ئەو شارۆچكەیەی لێكەوتووەتەوە.

بڕیاری پارێزگار لەبارەی قەدەخەكردنی فرۆشتنی مەی، سەردەمی داعش بەبیر خەڵك دێنێتەوە.

لەوبارەوە وسام سلێمان، دانیشتووی شەرگات دەڵێت: "ئەو بڕیارە شتێكی باش نییە، پێویستە خەڵك ئازادبێت، لە داعشیش گەورەتر نەیانتوانی ئەمە بە تەواوی قەدەخەبكەن، دەبێ حكوومەت ئازادی بدات بە ھاووڵاتیان، نەوەك وەك داعش شت بە زۆر بسەپێنێت ".

بەبڕوای ھەندێك لە دانیشتووانی شەرگات، بەشێك لە ھاووڵاتیان بڕیارەكە بە پەسند دەزانن، چونكە زۆرینە مەی خۆرەوە نین، ئەوانەشی دەخۆنەوە رۆشنبیری خواردنەوەیان نییە و دوای مەستبوون كاری ھەڵە ئەنجام دەدەن.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی شەرگات بەناوی عەلی فەیاز، رایدەگەیەنێت: "زۆرینەی گەنجان نازانن بخۆنەوە، ھەر لە بنەڕەتدا رۆشنبیری خواردنەوەیان نییە، دوای خواردنەوە مەست دەبن و كاریگەری نەرێنی بەسەر كۆمەڵگاوە دروست دەبێت، بەھۆی تەقەكردن و پێشێلكردنی یاسا".

بەرپرسانی شارەكەش جەخت لەسەر داخستنی سەرجەم فرۆشگاكانی تایبەت بە فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان دەكەنەوە، وەك لە فەرمانی سەرووی خۆیاندا ھاتووە.

عەلی دەودەج خەڵەف، قائیمقامی شەرگات دەڵێ: "بەھۆی ئەوەی لەلایەن پارێزگاری سەڵاحەدین ئەحمەد عەبدوڵڵا عەبد، فەرمانی داخستنی فرۆشگاكانی لە تكریت و تەواوی پارێزگای سەڵاحەدین داوە، ئێمەش قەزایەكین سەر بەو پارێزگایە، بۆیە بڕیارماندا بە قەدەخەكردنی خواردنەوە كحولییەكان، لە نێو شەرگات".

سەرەڕای قەدەخەكردنیش بەشێك لە ھاووڵاتیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئێستاش دەتوانن خواردنەوەیان لەرێگەی ئۆتۆمبێلەكانەوە دەست بكەوێت ئەوانەی كاریان فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكانە.

معەمەر حەسەن، دانیشتووی شەرگات ئاماژە بەوە دەكات: "جا با قەدەخەشی بكەن، چەند ئۆتۆمبێلێك ھەن دەیفرۆشن، بۆ موسڵمانەكان بە ئۆتۆمبێل بیفرۆشن، ئێ با كریستیانەكان بیفرۆشن و دوكانەكانیان بكەنەوە و ئێمەش لێیان بكڕین و نرخەكانیشییان گونجاوە و لە ژێرچاودێریدان و ھەموو شتێك بە رێكوپێكییە نەوەك ئاوای لێبێ".

ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فرۆشتن و خواردنەوەی ماددە كحولییەكانی قەدەخەكرد، مانگێك لەمەوبەریش بە بڕیاری پارێزگاری سەڵاحەدین سەرجەم فرۆشگاكانی مەی لە تكریت داخران، ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێك لە ھاووڵاتیانی لێكەوتەوە.

 ھ.م