گرانترین شەراب لە مێژوودا فرۆشرا

تەمەنی شەرابەکە 73 ساڵە

K24 – هه‌ولێر:

بتڵێک شەرابی فەرەنسی کە مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1945 دەگەڕێتەوە بە بڕی 424 هەزار پاوەند (556 هەزار 360 دۆلار) فرۆشرا و بووە گرانترین شەراب کە تاکو ئێستا فرۆشرابێت.

شەرابەکە لەجۆری رۆمان کۆنتییە کە لە باخچە ترێکانی هەرێمی بورگوندی لە وڵاتی فەرەنسا بەرهەمهاتووە و دوێنی یەکشەممە لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا لە مەزادێکی ئاشکرادا فرۆشرا.

دوای فرۆشتنی ئەو بتڵە شەرابە بە چەند خولەکێک، بتڵێک شەرابی دیکەی رۆمان کۆنتی بە بڕی 377 هەزار پاوەند فرۆشرا.

هۆکاری گرانی ئەو بتڵە شەرابە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تەنها چوار دۆنم زەوی لە هەرێمی کۆتێ دو نوی لە فەرەنسا کە باشترین بەرهەمی ترێی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی شەراب تەرخانکراوە و ساڵانە تەنها 6 هەزار بتڵ شەراب بەرهەمدەهێنن.

ئەو شەرابەی بە 424 هەزار پاوەند فرۆشرا، دواین بتڵی شەرابی ساڵی 1945 تا ساڵی 1952 بوو کە لەو هەرێمە بەرهەمهێندرابێت.

سەرچاوە: ئیندپێندت

H.J