دواین ئەندامی خێڵێکی لەناوچووی ئەمازۆن دەردەکەوێتەوە

دوورە لە شارستانییەت و بە راوکردن خواردن پەیدا دەکات

K24 - هه‌ولێر:

گرتەیەکی ڤیدیۆی پۆلیس دواین رزگاربووی خێڵێکی ئەمازۆن ئاشکرا دەکات کە پێش 20 ساڵ ئەو خیڵە لە لایەن جووتیارانی ناوچەی رۆندۆنیا سەر بە وڵاتی بەڕازیل لەناوبرابوون.

پێش نزیکەی 20 ساڵ، جووتیارانی ناوچەکە کێشەیان لەگەڵ ئەو خێڵانە هەبوو کە لە دارستانەکانی ئەمازۆن دوور لە شارستانییەت دەژیان، ئەمەش وایکرد چەندین خێڵی ئەو ناوچانە لەناوببرێن.

چیرۆکی ئەو کەسەی لە گرتە ڤیدیۆیەکە دەردەکەوێت، بۆ پۆلیس نامۆ نییە. ئەو کەسەی بە نیمچە رووتی دەردەکەوێت، پێش 20 ساڵ، چوار ئەندامی خێزانەکەی و تەواوی خێڵەکەی لە لایەن جووتیارانی ناوچەکە کوژراون. ئەمیش بە تەنها ماوەتەوە و لە دارستانەکان دەژی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی دەیلی مەیل، ئەو کەسە دووەم جارە لە ماوەی 20 ساڵدا دەبیندرێت، بۆ خواردنی رۆژانەشی پشتی بەڕاوکردنی باڵندە، بەراز و مەیموون بەستووە.

شارەزایان بڕوایان وایە، 113 خێڵی نەبیندراو لە دارستانەکانی ئەمازۆن دەژین و تاکو ئێستا دەستیان پێنەگەشتووە.

پۆلیسی بەڕازیل بۆ پاراستنی ئەو خێڵانە، چەندین یاسای تووندیان دەرکردووە کە بە گوێرەی ئەو یاسایانە نابێت خەڵک و جووتیاران بچنە ئەو ناوچانەی ئەو خێڵانەی تێدا دەژین.

ئەمازۆن بە رووبەری 7 ملیۆن کیلۆمەتر دووجا، گەورەترین دارستانی جیهانە. 60%ی ئەم دارستانە دەکەوێتە وڵاتی بەڕازیل، بەشەکەی دیکەشی دەکەوێتە هەر یەک لە وڵاتانی پیرۆ، کۆڵۆمبیا، ڤەنزیۆلا، ئیکوادۆر و بلۆیڤیا.

H.J