لە عێراق 1958 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 104ـی دیکەش گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تووشبوون، چاکبوونەوە و گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی راگەیەندراوەکەش "1958 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 104 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە".

بەپێی راگەیەندراوەکە 1958 حاڵەت تۆمارکراون، بەشی زۆریان لە پارێزگاکانی: بەغدا، زیقار، بەسرە، کەربەلا و سلێمانی بوون. لە هەموو عێراقیش 1786 تووشبووی کۆرۆنا لەدوای پشکنین، ئەنجامەکانیان نێگەتیڤ بووە و چاکبوونەتەوە. 

هەروەها گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لەماوەی ئەو 24 کاتژمێرە بەپێی راگەیەندراوەکە 104 کەس بووە، کە زۆرترینیان لە بەغدا، میسان و پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون.

بەگشتی تائێستا بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی عێراق 49 هەزار و 109 کەس لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 24 هەزار و 760 کەسیان چاکبوونەتەوە ،1943 کەسیش بەهۆی پەتا جیهانییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە زۆر زیادی کردووە، بەجۆرێک لە رۆژانە چەند سەد کەسێکەوە بووەتە رۆژانە نزیکەی دوو هەزار کەس. بۆیە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی، دوێنێ (دووشەممە، 29-6-2020) بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و باسی لەو ئاستەنگییانە کرد، کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و، رایگەیاند "کێشەکانی کەرتی تەندروستی چەند ساڵێکە بەسەر یەکدی کەڵەکە بوون، بۆیە ئاستەنگییەکان و زەحمەتییەکان زۆرن".