زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرز دەبێتەوە

نرخی زێڕ و نەوتی خاو بە هۆی گرژییەکان بەرزبوونەوە

K24 - ھەولێر

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهای پشکەکان دابەزین و لە بەرامبەریشدا نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی و نەوتیش بۆ بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردووی بەرزبوونەوە.

بەهۆی بەردەوامی هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەبەرهێنەران بە خێرایی روو لە کڕینی زێڕ دەکەن بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لە هەر قەیرانێک بپارێزن.

ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، مووشەکەکانی ئێران لە ئامادەکاری تەواو دان، و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاش هۆشداری بە ئێرانداوە هەر ئەمەریکییەک بکەنە ئامانج، ئەوا زۆر بە توندی و بە خێرایی وەڵامیان دەبێت.

ئەم گرژیانە نرخی ئۆنسەیەک زێڕی بە رێژەی 1.5% بۆ 1579.55 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزکردەوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستیەتی لە دوای مانگی نیسانی ساڵی 2013ـەوە.

لە هەمان کاتدا نرخی نەوتیش بەهۆی مەترسییەکان لە کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە بازاڕەکانی جیهاندا ئاراستەی بەرزبوونەوەی وەرگرت. بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 1.46 دۆلار بۆ 70.06 دۆلار بەرزبووە، و بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش 1.17 دۆلار بۆ 64.22 دۆلار بەرزبووەوەو.

شێن ئۆلیڤەر گەورە شرۆڤەکار لە AMP کاپیتال رایگەیاند، مەترسییەکانی هەڵکشانی زیاتر لە ئارادایە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەمەریکا هێرشی کرد و ئێرانیش هەڕەشەی وەڵام دانەوە دەکات لە بەرامبەریشدا ترەمپ هۆشداری بە تاران دەدات کە بە زەبر بەرپەرچیان دەدرێتەوە، هەڕەشەی جدین بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت."

ھ.م