بارزانی: گەلی كوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونه‌ شكستخواردووه‌كانی ڕابردوو بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی نه‌رویج له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند: یەكگرتنی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئارزوومەندانە بووە، ئەویش بە مەرجی جێبەجێكردنی شەراكەت و بنەماكانی دەستوور، به‌ڵام سەرباری ئەوەی گەلی كوردستان جینۆساید كرا و نەهامەتی بەسەردا سەپێندرا، لە قۆناغی دوای 2003 شەراكەت و تەوافوق و دەستوور پێشێل كرا. بۆیه‌ بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شكستخواردووی ڕابردوو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە پێویستە جیهان ئاگاداری ویست و ئیرادەی گەلی كوردستان بێت. بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێ دەكرێ و پاشگەزبوونەوە لێی نییە. ئەوە مافێكی سرووشتی و ئاسایی گەلەكەمانە و تەنیا گەلی كوردستانیش بڕیار دەدات كە چ كاتێك گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم نەك خەڵكی تر.

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی نه‌رویج له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری
كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی نه‌رویج له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 3/8/2017، ئه‌و قسانه‌ی له‌ میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ "سیسێڵ برێی" باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و شاندێكی یاوەری كردووه‌و كە بە بۆنەی كۆتایهاتنی بە ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

له‌و دیداره‌دا بالیۆزی نه‌رویج، سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە بە سینگفراوانییەوە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماوی كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی پێگەیەكی تایبەتی هەیە و وڵاتەكەی خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەكانە لە كاروباری مرۆیی و ئابووری".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی لە نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی كرد لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە. پەیوەست بە بڕیاری ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان باڵیۆزی نەورویج لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە نەرویج بە تەواوەتی لە داواكاری و مێژوو و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست كە بە دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا سەقامگیری بێتە ئاراوە و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بە تایبەت لە بواری هاوكاریی مرۆیی.

لە بەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نەورویج لە عێراق خواست بۆ ئەرك و كارەكانی و سوپاسی هاوكارییەكانی وڵاتی نەرویجی كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ نەرویج ڕاگەیاند.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی داعش و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و ڕایگەیاند ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی گەشەی داعش هێشتا ماون، بۆیە مەترسیی سەرهەڵدانی دیاردەی هاوشێوەی داعش لە ئارا دایە و ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی نیازپاكانەی هەمەلایەنە پێویستە و لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە شەڕی هزری و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی تیرۆریش بكرێت.